لیجە.. لە پێکدادانی نێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا، قوتابیێکی کورد کوژرا

دیاربەکر-kdp.info- بە هۆی پێکدادانی نێوان خۆپێشاندەر و پۆلیسی تورکیاوە لە شاری لیجە، قوتابیێکی کوردی تەمەن 20 ساڵان کوژرا.
خۆپێشاندانەکە بە هۆی لادانی یادگارێکی (مەعسووم قرمقاز) کە لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە، لە گۆڕستانی شاری لیجە سەرچاوەی گرتووە، کە ڕۆژی یەکشەممە پەردەیان لەسەر لادابوو و ببووە هۆی تۆڕەکردنی تورکە نەژادییەکان.
سەرچاوە ئەمنییەکانی شارەکە دەڵێن، بە لای کەمەوە دوو لە خۆپێشاندەرانیش بە هۆی تەقەقەوە بریندار بوون.
بە گوتەی شەرچاوەکە، خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاقاری تونددا براوە و ناو بە ناو پێکدادان لە نیوان هێزە ئەمنییەکان خۆپێشاندەراندا بەرپا بووە.
وەک فڕانس پرێس بلاوی کردووەتەوە، لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بانگەوازی بۆ خۆپێشاندانی دیکە دەکرێ.
ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە کاتێک بەرپا بووە کە پۆلیسێکی زۆر دەوری گۆڕستانەکەیان داوە کە بە فەرمانی دادوەر ویستوویانە ئەو پەیەکەرەی سەرکردەکەی پەکەکە تێک بدەن.
بەڵام لەو کاتەدا، پۆلیس بەرەوڕووی بەردبارانی خۆپێشاندەران بووەتەوە و ئەوانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی بکوژ وەڵامیان داونەتەوە.
(مەعسووم قرمقاز) کە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی 1986-دا کوشتوویانە، یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە بووە و لە ساڵی 1984پلانی یەکەم هێرشی بۆ سەر دەستەڵاتی تورکیا داڕشتووە.
سەرباری ئەوەی حکوومەتی تورکیا بە هۆی ئەو یادگارەوە کە لە گوندی یولاچتیی سەر بە شاری لیجە بەرەوڕووی ناڕەزایەتی توندی تورکە نەژادییەکان بووەتەوە، سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی(دەوڵەت باخچەلی) دەڵێ، ئەم یادگارە، "تەحەدیێکی ئاشکرای مافە مێژووییەکانمانە."
ئەم لادان، یان تێکدانی یادگارەیش، پاش تۆمارکردنی سکاڵایەک دێت لە دادگای شاری دیاربەکر و ئەویش بڕیاری تێکدانی دەرکرد.
زریان زیاد




