(عەبدوڵڵا گوول) ناتوانێت دووبارە ببێتەوە سەرۆكوەزیری توركیا

ئانكارا-kdp.info- جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە ڕایگەیاند، (عەبدوڵڵا گوول) ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتە سەرۆكوەزیری توركیا.
جێگری سەرۆكی گشتیی ئاكەپە (محەممەد عەلی شاهین) لە بارەی گۆڕانكارییەكانی نێو ئاكەپە و كابینەی حكوومەتی توركیاوە گوتی، دوای كۆنگرەی ئاكەپە كە كۆتایی مانگی تەباخ ئەنجام دەدرێت، گۆڕانكارییەكی زۆر لە نێو كابینە و سەرۆكایەتیی ئاكەپەدا دەكرێت.
لەم بارەیەوە كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە كە، (محەممەد عەلی شاهین) ئاماژەی داوە كە چاوەڕوان دەكرێت (عەبدوڵڵا گوول) ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی توركیا، بەڵام ئەو چاوەڕوانییە هەڵەیە، چونكە (گوول) پەرلەمانتار نییە، بۆیە ناتوانێت ببێتە سەرۆكوەزیری توركیا و دەبێت لە نێو ئاكەپەدا كەسێك كە ئەندام پەرلەمان بێت، بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكرێت.
(شاهین) لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی ئامادەكردنی دەستووری نوێ بۆ توركیا و ئازادكردنی (ئۆجەلان) ئاماژەی بەوە كرد كە چەند كەس و لایەنێك وا بیر دەكەنەوە كە گوایا تەنیا بۆ ئازادكردنی (ئۆجەلان) هەوڵ بۆ ئامادەكردنی دەستووری نوێ دەدرێت، ئەو جۆرە بیركردنەوانە دوورن لە راستی، چونكە توركیا سیستەمی سیاسی دەگۆڕٍێت و بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسییش پێویستە دەستووری بنەڕەتی بگۆڕدرێت.
هیوا ئەردەلان




