پەرلەمانتارێك: (عەبادی) لە ماوەی دیاریكراودا كابینەی پێ پێک نایەت

بەغدا-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە (عەبادی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دایناوە، ئەستەمە بتوانێ لەو وادەیەی كە بۆی دیاری كراوە، كابینەی نوێ رابگەیەنێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (رێناس جانۆ) بە kdp.info-ی راگەیاند، پێویستە كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ (حەیدەر عەبادی) بە هەمان عەقڵییەتی پێشوو كار نەكات، چونكە ئەو كات هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ (نووری مالیكی)ـدا نابێت.
(جانۆ) گوتیشی، "لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەكان پێی رازی بوونە، ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنیدا بكات، ئەمەیش بۆ ئەوەی بتوانێ حكوومەتێك پێك بهێنێت و هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن.
پەرلەمانتارەكەی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر بەپێی ئەو بەرنامەیە بێت كە (عەبادی) رایگەیاندووە بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت، كە وەزیرەكان كەسانی بێلایەن بن و ژمارەی وەزارەتەكان كەم بكاتەوە، ئەستەمە بتوانێ لەو دۆخەی ئێستا حكوومەت لە ماوەی یەك مانگدا پێك بێنێت، چونكە كاتی زیاتر دەوێت.
بڵند ئیبراهیم




