٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمەریکا ترسی هەیە، داعش پەلاماری بدات

سەرچاوە: KDP.info
تيرۆريستێکي بيانيي نێو ڕێکخراوي تيرۆريستيي داعش

هەولێر-KDP.INFO-  دەستگای هەواڵگریی ئەمەریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، ژمارەی چەکدارە تیرۆریستەکانی ڕێکخراوی داعش لە ئێستادا 10هەزار کەس بێت و شوێنی حەقیقیی ڕێکخراوی قاعیدەیشی گرتبێتەوە. وەک بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی ئەمەریکا باسی دەکەن، دەستگاکانیان ترسیان لەوە هەیە کە چەکدارە بیانییەکانی نێو داعش و لە نێویاندا تیرۆریستە ئەمەریکاییەکان، بۆ خۆفەرزکردن هێرشەکانیان لە نێو ئەمەریکادا ئەنجام بدەن.
کەناڵی ئاسمانیی سی ئێن ئێنی ئەمەریکایی ڕاپۆرتێکی دەربارەی هێز و گەشەی ڕێکخراوی داعش بەم دواییە ئامادە کردووە و تێیدا ئەو ئاماژانەی خستونەتە ڕوو کە ڕەنگە لە داهاتوودا، بەرەوڕووی ئەمەریکا ببنەوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە، بەپێی خەمڵاندنی نوێی دەستگای هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ئێستادا ئەمەریکا ترسی هەیە لەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش و لە نێویشیاندا، ئەو توندڕۆ ئەمەریکاییانەی لە ڕێزەکانی داعشدان لە سووریا و عێراق، لە داهاتوودا هێرش لە نێو وڵاتەکەیاندا بەرپا بکەن.
وەزیری ئاساییشی ناوخۆی ئەمەریکا(جی جۆنسۆن) دەڵێ، "ئێمە ترسمان لەو کەسانە هەیە، ئەو ڕێکخراوە گەلێک مەترسیدارە و ڕەنگە بیەوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی فەرز بکات و، هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ ئەوەی لە نیشتیمانەکەماندا هێرش بەرپا بکەن."
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی دراوە، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا، بەرانبەر بە ئەو هێزە گەورەیە کە بەم دواییە بە هۆی چەکدارکردنی ژمارەیەکی نوێوە و هاوکات چەکی قورسیانەوە کە داعشە، لە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دان، بەڵام باوەڕیان وایە کە دەشێت لانی کەم لە عێراق بیانوەستێنن.
وەک سەرچاوەکانی ئەو کەناڵە باسی دەکەن، پێیان وایە کە بەم دواییە، خەلیفەی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی(ئەبوبەکر بەغدایی) عێراقی بەرەو سووریا جێ هێشتبێ.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار