سەرچاوەکانی هەواڵ: مالیکی لە هەوڵی ئەوەیە شکست بە حکوومەتی عەبادی ببات

هەولێر-KDP.INFO- سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات کە، سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا(نووری مالیکی)، لە هەوڵی ئەوەیە چەند کەسێکی نزیک لە خۆی بەسەر پێکهاتەی نوێی حکوومەتدا بسەپێنێت کە (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی دەبێت و مەبەستیش لێی، شکست پێ بردنی حکوومەتە.
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ببرێت، بۆ "ئاژانسی هەواڵی براسا" ڕوونی کردووەتەوە، هەوڵی مەترسیدار لە لایەن (مالیکی)-یەوە لەئارادا هەن بۆ دانانی چەند کەسێکی نزیک لە خۆی لە نێو پێکهاتەی نوێی کابینەی داهاتوودا، یەکێک لەو کەسانەیش بەرپرسی نووسینگە سەربازییەکەیەتی بە ناوی (فارووق ئەلئەعرەجی) و دەیەوێ بیکات بە وەزیری ناوخۆ.
سەرچاوەکە هاوکات دەڵێت، زاواکەی (مالیکی) کە ناوی(یاسر عەبدولسەخیل ئەلمالیکی)-یە و دەیەوێ بیکات بە وەزیری وەرزش و لاوان.. هاوکات (مالیکی) دەیەوێ، یەکێک لە بزنسمانەکان و پارە دابینکەری دەوڵەتی یاسا بە ناوی (عەبدوڵڵا ئەلعوەییز)، لەسەر ئەو کارەی کە لە ئێستادا بەردەستیەتی لە پڕۆژەیەکی وەزارەتی وەرزش و لاواندا، بیهێڵێتەوە، کە وەک سەرچاوەکە دەڵێ، بۆ ئەوەیە لەگەڵ شەریکە نوێکەی کە (مالیکی) لە هەوڵدایە بیکاتە وەزیری لاوان، دەستکەوتەکانیان بەش بکەن.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، (نووری مالیکی) خواستی ئەوەی هەیە، (خەڵەف عەبدوسەمەد) بکرێتە وەزیری کشتوکاڵ.. ئەو ئاماژەیشی دا کە، هەوڵی چڕ هەن تا ئەو کەسانەی کە ناوین برا، پۆستیان پێ بدرێ، کە وەها دەبیندرێ(مالیکی) دەیەوێ لە ڕێگەی ئەم پۆستانەوە، شکست بە حکوومەتە نوێکەی(عەبادی) ببات کە کەمتر لە 25 ڕۆژی لە ەبردەست ماوە بۆ پێکهێنانی و لە کاتی ڕاسپاردنیشیدا گوتوویەتی، لە توانایدا هەیە کاروبارەکانی دەوڵەت بە ابشی بەڕێوە ببات.
زریان زیاد




