٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاری 1000 خێزانی مەسیحی و ئێزدی و شەبەك دەكات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-kdp.info- بە مەبەستی هاوكاریكردن و یارمەتیدانی زیاتری پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی لە شارۆچكەی شەقڵاوە و شیلادزێ و پارێزگای دهۆك و دەوروبەری و كەمپی بەحركە, دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراك و پێداویستیی رۆژانەی بەسەر 500 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد, هاوكات لە كەمپەكانی شاریا و خانكێ و تەناهی و كەنداڵا و لالش لەرێگەی خواردنگەوە بە شێوەیەكی بەردەوام سێ ژەم خواردنیان بەسەردا دابەش دەكرێ.

رۆژی 17/8/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری زیاتر بۆ پەنابەرانی مەسیحی و ئێزدی و كوردی شەبەك لە شاری دهۆك، تیمەكانی دەزگا لەسەر پردی سحێلا بە شێوەیەكی بەردەوام كێك و شەربەت بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكەن كە دەپەڕنەوە سنووری هەرێمی كوردستان. هاوكات ئەمڕۆیش جگە لە خواردن، معەلەبات و سابوون و تاییتیان بەسەر 300 خێزاندا دابەش كرد, ئەمە جگە لە چەندین خواردنگەی تایبەت كە ژەمەخواردن بۆ پەنابەرانی كەمپەكانی شاریا و خانكێ و كەنداڵا و تەناهی و لالش دروست دەكات و بە شێوەیەكی رێكوپێك دابەشی سەریان دەكرێت. لە لایەكی دیكەوە لە شارۆچكەی شەقڵاوە ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆژانە بەردەوامن لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگێك بەسەر پەنابەرانی مەسیحی و شەبەك و ئێزدیدا, ئەمڕۆیش 200 خێزان سوودمەند بوون و نزیكەی 14 تۆن خۆراكیان بەسەردا دابەش كرا.

لەلایەكی دیكەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی خۆراكی جیهانی و وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە خواردنی گەرم بۆ هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی باشیك و خازر و گوێڕ و مەخموور دروست دەكات, بۆ ئەمڕۆیش خواردنیان بۆ 2100 پێشمەرگەی هێزی پشتیوانی دروست كرد و لەرێگای تیمی تایبەتەوە رەوانەی میحوەرەكان كرا.

هاوكات لە كەمپی بەحركە لە درێژەی كار و چالاكییەكانی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەرانی كوردی شەبەك, هەستان بە دابەشكردنی 450 پانكە و جلوبەرگ و 450 كارتۆن پێداویستیی پاككەرەوەی وەك سابوون و تاییت, جگە لە دابەشكردنی معەلەبات و ئاوی خواردنەوە و نان كە بە شێوەیەكی بەردەوام بەسەریاندا دابەش دەكرێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار