٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەی پەرلەمانتاران دەگەڕێنەوە بەغدا.. كورد داواكارییەكانی خۆی بۆ حكوومەتی داهاتوو دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سبەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا دەگەڕێنەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدات كە، كورد لە دوو پاكێجدا داواكارییەكانی دەخاتە ڕوو.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "سبەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەگەڕێنەوە بەغدا و شاندی كوردیش لە دوو پاكێجدا داواكارییەكانی خۆی دەخاتە ڕوو. پاكێجی یەكەم داواكاریی خێرایە كە خۆی لە گەڕانەوە و پابەندبوون بە دەستووردا دەبینێتەوە، لە سەرووی هەموویشیانەوە گەڕانەوەی قوتی خەڵكی كوردستان و ئەو بودجەیەیە كە بە فەرمانێكی كەسی لە هەرێمی كوردستان بڕدراوە. پاكێجی دووەمیش بریتییە لە چارەكردنی بودجەی پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و مافەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی كە پێشووتر پێیان دەگوت ماددەی 140".

(جاف) گوتیشی، "یەكێكی دیكە لە خاڵەكانی گفتوگۆی نێوانمان ئەوەیە كە دەبێت ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، بچێتەوە بانكی ناوەندیی هەرێمی كوردستان و لەوێوە ڕێكارە یاساییەكانی ئەنجام بدرێت نەك هەر كەسێك لە بەغدا بە ویستی خۆی بیبڕێت، ئێستایش دەبێت لەسەر ئەو خاڵە لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێككەوتن".

ئاماژەیشی دا كە ئەم داواكاریانە بەشێكیان دەكرێت بە خێرایی بخرێتە بەردەم بەغدا و بەشێكی دیكەیشیان دەگەڕێتەوە سەر پێكهێنانی حكوومەت، چونكە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا حكوومەت پێك بهێنرێت، بۆیە ئێستایش لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا دەكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار