ئۆجەلان: كوتایی بە شەڕی 30 ساڵە دێت

ئیمراڵی-kdp.info-سەرۆكی زیندانیكراوی پارتیی كرێكارانی كوردستان (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە دیداری لەگەڵ شاندی هەدەپەدا گوتوویەتی كە، وردە وردە لە توركیادا كۆتایی بە شەڕی 30 ساڵە دێت.
شاندی هەدەپە دوای سەردانی بۆ دوورگەی ئێمراڵی و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ سەرۆكی پەكەكە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و گەڕانەوە بۆ ئیستانبووڵ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاوی كردەوە كە، (ئۆجەلان) لەو دیدارەدا ئاماژەی داوە كە حاڵی حازر لە قۆناخێكدان كە شەڕی 30 ساڵە بەرەو كوتایی دەڕوات و بە دەستپێكردنی دانوستانی دیموكراتیك دەگاتە ئەنجام و پێویستە هەموو كەس و لایەنێك زۆر بە باشی لە قۆناخەكە تێ بگات و بۆ بونیادنانی توركیایەكی دیموكراتیك هاوكار بێت.
(ئۆجەلان) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە، "بە قۆناخێكدا تێپەڕ دەبین كە كاریگەری و دەرئەنجامەكانی زۆر گرنگن و ئەنجامەكانی ئەم قۆناخە تەنیا بۆ توركیا نین، بەڵكە كاریگەرییان لەسەر رەوتی دیموكراسیی هەموو ناوچەكە دەبێت".
هیوا ئەردەلان




