حەسەن نەسروڵڵا: لە ناوچەکەدا وەحشێک بەرەڵا بووە.. دەگاتە ئەوانەیش کە پشتیواننی

هەولێر-KDP.INFO- ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی باوەڕی وایە کە، داعش دواجار بەرەوڕووی ئەوانە دەبێتەوە کە لە ئێستادا پشتیوانییان دەکەن و هانیان دەدەن.کاتی ئەوان و هەمووان دێت. شوێنکەوتوانی بیری کافراندن هەن و زەوینە بۆ داعش لە ئەردەن، سعوودیە، کوێت و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لەبارە. دەشڵێت، "لە ناوچەکەدا وەحشێک بەرەڵا بووە، ئەگەر یەکێک هەبێ و بەرەوڕووی ببێتەوە و لەگەڵیدا بجەنگێ و نەهێڵێت گەلانی ناوچەکە و وڵاتان و قەوارەکانی ڕاو بکات، دەبێ سوپاسی بکرێ."
لە دیمانەیەکیدا کە ڕۆژنامەی (ئەخبارییە)-ی لوبنانی لەگەڵیدا سازی داوە، (نەسروڵڵا) ئاماژە بە ئەو شەڕەی کە شوێنکەوتووانی لە لوبنان و سووریادا دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەرپایان کردووە و هاوکات ئاماژە بە ڕێکخراوی داعش، دەڵێ، "مەترسیێکی گەورە بەڕێوەیە و پێشڕەویی دەکات و کوشتار دەکات و بە واتا فیکری و مۆڕاڵی و شەرعی و ئینسانییەکەی هیچ بەربەست و سنوورێکی نییە. لێرە، لە ناوچەکەدا وەحشێک بەرەڵا بووە، ئەگەر یەکێک هەبێ و بەرەوڕووی ببێتەوە و لەگەڵیدا بجەنگێ و نەهێڵێت گەلانی ناوچەکە و وڵاتان و قەوارەکانی ڕاو بکات، دەبێ سوپاسی بکرێ یاخود سەرکۆنە؟ بەڵام ئەوەی کە ئەو وەحشەی داهێناوە و ڕایهێناوە، ئەمە پرسێکی دیەکەیە و دواتر دەیگەنێ. هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم کە، ڕۆژێک دێ و ڕکابەران و خۆبەزلزانان دەڵێن: ئێوە لەسەر حەقن و سوپاسگوزاریش دەبن."
ئەو هاوکات گوتی، "داعش بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بە زیندوویی منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی زیندبەچاڵ دەکات. دەیانبینین کە لە سەربڕێندا داهێنانی هونەرییان هەیە. چۆن گەیشتنە ئەمە؟ ئەو بیرە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکرێ تا بەم ئاستەی گەیشتووە. لە ئەنجامدا، ئەو مەترسییە ئەمڕۆ هەڕەشە لە کێ دەکات؟ ئەزموونی داعش لە سووریا ببینە. هەموو ئەوانەیان کوشتن کە لەگەڵیان نین. لە عێراق، هەیە دەڵێ شەڕەکە هیی سوننە-شیعەیە. چەند شیعە لە نەینەوا و سەڵاحەددیندا هەن؟ ئەوانە وتاربێژە سوننەکان و شێخی هۆزەکانی سوننەیش دەکوژن، چونکە پەیماناین بە خەلیفەکەیان نەداوە، زۆرێکی پێکهاتەی سوننە ئاوارە بوون و مزگەوت و مەزارەکانیان بەر لە ئەوانەی شیعە خاپوور کران، ئەمە سەرباری ئەوەی کە بەسەر کەمینە ئایینەکانیاندا هێناوە، وەک مەسیحی و ئێزدییەکان."
زیاتر گوتی، "چ لۆژیکێک لە جیهاندا ڕێ بەوە دەدات دەیانهەزار کەس ڕوو لە شاخ بکەن، گەمارۆ بدرێن تا لە تینوێتی و لە برسان و بە بەرچاوی دنیاوە بمرن. ئەو مەترسییە سوننە و شیعە، موسڵمان و ناموسڵمان، دورزی و ئێزدی، عەرەب و کورد ناناسێت. ئەو وەحشە و گەشە دەکا و گەورە دەبێ. لە سووریا و عێراق بەرەی شەڕی دیاریکراو هەن، خۆڕاگرانە بەرەوڕووی داعش دەبنەوە، لێرە و لەوێیش لەو گوند و شاریش بەرەنگاری هەیە، بەڵام توانا و ژمارە و پێداویستییەکانی داعش زۆر و گەورەن، هەر ئەمەیشە هەموانی دوچاری دڵەڕاوکێ کردوون و لەسەر هەموانیش پێویستە لە دڵەڕاوکێدا بن."
ئەو پێوەست بەو شەڕەی تیرۆرە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، دەڵێ، "کورد بە نموونە، پێشتر لێکدانەوەی هەڵەیان هەبوو. لەو کاتەی ئەوەی بەسەر مووسڵدا هات، کورد چوونە ناوچە کێشەدارەکان، پێیان وا بوو دەستتوەردانە هیچ شوێنێکی دی پێوەندیی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکە ئەوە بەرپرسارەتیی عێراقییەکانی دیکەیە و لەسەر ئەوان پێویستە کە خەم لە خۆیان بخۆن. پێشتر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد باوەڕی وابوو کە، داعش لەو شوێنە دەوەستێ کە ناگاتە ئەوان... تا کار گەیشتە ئەوەی داعش گەیشتە 30 تا 40کم دوور لە هەولێر و وای کرد سەرکردایەتیی کورد داوای هاوکاری لە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ئێران و عێراق بکات. کەواتە، داعش هیچ سنوورێکی نییە، مەترسیێکی گەورە لەئاردا هەیە، ترسێکی ڕاستینە بەرۆکی هەندێ وڵات و لایەنی گرتووە، چونکە لە خاسیەتە لەپیشینەکانی ئەو ڕێکخراوە ئەوەیە کە، توانای بەجەمسەرگرتنی کۆی شوێنکەوتووانی بیری قاعیدە و بیری وەهابی هەیە."
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا هەروەها دەڵێ، "مەترسیی حەقیقی لە نێو وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و سعوودیەدا هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو بیرە، هەمان ئەو بیرەیە کە دە ساڵە دەرخواردی خەڵکی دەدرێ، لە قوتابخانەکان و لە دەرەوەی پرۆگرامی خوێندنیش. لەبەر ئەوە دەڵێین مەترسیێکی گەورە لە ئارادایە و پێویستە هەموانیش لە دڵەڕاوکێدا بن. "
لە وەڵامی ئەو پرسیارەیشدا کە لە دیداریدا لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان، بەر لە ڕوودانی پێشبینیی ئەوەت کردووە کە، داعش هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ هێرشەکانیان بە ئاراستەی باکووردا بەرپا کرد و بۆ وازی لە سعوودیە و ئەردەن و تورکیا هێنا؟ (نەسروڵڵا) دەڵێ، "کاتی ئەوان و هەمووان دێت. شوێنکەوتوانی بیری کافراندن هەن و زەوینە بۆ داعش لەبارە، ئەم زەوینەیە لە ئەردەن، سعوودیە، کوێت و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هەیە. ئەگەر وڵاتێک هەبێ و پێی وا بێ کە دەشێ پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکات، ئەو کاتەی نۆرەی هات، بەزەیی پێیدا نایەتەوە. بەڵام ئەمانە هەمووی پێوەندییان بە دەرهاویشتە مەیدانی و جیۆگرافییەکانەوە هەیە، تورکەکانیش گومانلێکراون. هەرچۆنێک بێت، داخۆ داعش لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت دابەزیون؟ ئەو چەکدارانەی کە لە هەموو کونجێکی دنیاوە هاتوون، زانراوە کە لە کام سنوورەوە هاتوون و کێیش ئاسانکاریی بۆ کردوون و بە پرە و چەک پشتیوانییان کردوون."
زریان زیاد




