پێش چوونەبەغدا، شاندی دانوستانكاری هەرێم چەند خاڵێك دەخاتە بەرنامەی كارەوە
__2014_08_13_h14m53s33__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی چۆنیەتیی بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراقدا، لەلایەن شاندی هەرێمی كوردستانەوە چەند خاڵێك دەخرێتە بەرنامەی كارەوە.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و بەغدا (عادل نووری) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، "ئێمە لە گەڕانەوەماندا بۆ بەغدا كۆمەڵێك شت هەیە دەبێت بە یەكجاری كۆتاییان پێ بهێنین، لەوانە بابەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە و ئەوانەی ئێستا بە دەست پێشمەرگەوەن، لە هەمان كاتدا دەبێت سەرجەم ئەندامانی شاند لەسەر چۆنیەتیی داواكردنی پۆستەكان ڕێك بكەوین، بە تایبەتی بۆ ئەم كابینەیەی حكوومەتی عێراق، كورد دەبێت پێداگیری لەسەر پۆستی وەزیری دەرەوە بكات و دواتر زۆر جەخت لەوە بكاتەوە كە پشكی هەبێت لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ ئەوەی بەرگری لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكرێت و ئاستەنگی لە بەردەم هەڵگیرێت، دواتر وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ ئێستای كوردستان باشە، وەزارەتی تەندروستی بە هەمان شێوە، پشكی بەهێزی لە وەزارەتی دارایی هەبێت، وەزارەتی بازرگانی بە هەمان شێوە".
گوتیشی، "دەبێت لیستێك لە هەرێمی كوردستانەوە ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی ئاراستەی بەغدا بكرێت تا لەو ڕێگەیەوە داواكانمان ڕوون بێت، لەگەڵ ئەوەدا سەرجەم داواكان بە كاتێكی دیاری كراوەوە ببەسترێتەوە و بخرێتە بەردەم (حەیدەر عەبادی)".




