توركیا كەمپێكی 16 هەزار كەسی بۆ ئاوارەكانی شنگال دروست دەكات
__2014_08_13_h14m51s47__BA.jpg)
ئانكارا-kdp.info- بڕیارە حكوومەتی توركیا لە دەڤەری زاخۆ كەمپێكی 16 هەزار كەسی بۆ ئاوارەكانی شنگال دروست بكات.
بەڕێوەبەرایەتیی كارەسات و رەوشە نائاساییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا بڵاوی كردەوە، هەوڵ بۆ دروستكردنی كەمپێكی 16 هەزار كەسی بۆ ئاوارەكانی شنگال لە دەڤەری زاخۆ دەدات.
لەم بارەیەوە ئاژانسی ئانكای توركی ڕایگەیاند، تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی كارەسات و بارودۆخە نائاساییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا، لە چوارچێوەی هاوكارییەكانیدا بۆ ئاوارەكانی شنگال، بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری توركیا لە دەڤەری زاخۆ دەستیان بە ئامادەكاری بۆ دروستكردنی كەمپێكی 16 هەزار كەسی بۆ ئەو ئاوارانە كردووە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەروەها ئاماژەی داوە كە، تا ئێستا نزیكەی دوو هەزار ئێزدیی ئاوارە روویان لە توركیا كردووە و بەشێكی زۆری ئەو ئاوارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری توركیا لە دەڤەری سلۆپی نیشتەجێ كراون.
هیوا ئەردەلان




