٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

(ئەردۆغان): گەڕانەوەی (گوول) بۆ نێو ئاكەپە، ئاساییە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-kdp.info-سەرۆككۆماری نوێی توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) دەڵێت، گەڕانەوەی (عەبدوڵڵا گوول) بۆ نێو ئاكەپە لە دوای گۆڕانكاری لە نێو پۆستەكاندا، ئاساییە.

سەرۆكوەزیرانی توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) لە میانی بەشداریكردنی لە ئێوارەخوانی ماڵئاوایی سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گوول)، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەم بارەیەوە ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاوی كردەوە كە، (ئەردۆغان) لە وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كۆنگرەی ئاكەپە گوتی، "گوتەبێّژی ئاكپارتی لەسەر ناوی ئێمە قسەی كردووە، پشت بە خوا رۆژی 27-ی مانگ كۆنگرە كۆ دەبێتەوە و دوای كۆنگرە تا كۆنگرەی گەورە هیچ جۆرە گۆڕانكارییەك لە نێو پارتەكەماندا ناكرێ، بەڵكە تەنیا سەرۆكێكی نوێ بۆ پارتی هەڵدەبژێردرێ و كۆنگرە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی گشتی كۆ دەبێتەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی قسەكردن لەگەڵ (ئۆباما) لە داوای ماوەیەكی درێژ، (ئەردۆغان) ئاماژەی دا، "گفتوگۆیەكی بەرفراوانمان كرد و (ئۆباما) پیرۆزبایی لێ كردم و لە بارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیشەوە حاڵی حازر هەردوولا لێدوان دەدەن و رەنگە كەناڵەكانی راگەیاندنیش بڵاویان كردبێتەوە".

(ئەردۆغان) لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی گەڕانەوەی (عەبدوڵڵا گوول) بۆ نێو ئاكپارتی، گوتی، "دوای رادەستكردنی پۆستەكان و ئاڵووێركردنیان، هیچ بەربەستێك بۆ گەڕانەوەی (عەبدوڵڵا گوول) بۆ نێو ئاكپارتی نامێنێ و گەڕانەوەیشی شتێكی زۆر ئاساییە".

سەبارەت بەو پرسیارەیش كە ئایا دەبێتەوە سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی، (ئەردۆغان) ڕایگەیاند، "حاڵی حازر كەس شتێكی وای باس نەكردووە، سیاسەت بۆشاتی قەبووڵ ناكات، یەكەم كار پڕكردنەوەی بۆشاییەكانە و ئەو هەنگاوانەیش كە جێبەجێ دەكرێن هەر بۆ ئەو مەبەستەن، بێگومان ناكرێ كەسێك سەرۆكی پارتی بێ و كەسێكی دیكەیش سەرۆكوەزیران بێ، بۆیە پێم وایە كە لە بارەی داهاتوویەوە لە نێو پارتیدا بەردەكان زۆر بە باشی لە شوێنی خۆیان جێگیر دەبن و لەمەو بەدوا گەڕانەوەی (گوول) بۆ نێو پارتەكەی و پارتەكەمان زۆر ئاساییە و هیچ جۆرە گرفتێكی نییە".

(ئەردۆغان) گوتی، "بەڵام چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێ بە جۆرێكی دیكە باس لەو پرسە بكەن و ئەمەیش بۆ ئەوان شتێكی ئاساییە، بەڵام رێنماییەكی من بۆ ئەو جۆرە كەسانە ئەوەیە، با ئەوانە بڕۆن خۆیان بە جەهەپە و مەهەپەوە سەرقاڵ بكەن، حاڵی رۆژی ئەوان روون و ئاشكرایە و با تۆزێك هاوكاریی ئەوان بكەن، چونكە بە راستی كێشەی زۆر گەورەیان هەیە، سەیر بكەن ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانیان دەستیان پێ كرد، پێویستە تۆزێك بە خۆیاندا بچنەوە. پێویستە پرسیار لە خۆیان بكەن كە ئەوە 15 تا 16 ساڵە سەرۆكی گشتیم، بۆچی سەركەوتوو نابم؟ با ئەوی دیكەیش لە خۆی بپرسێ كە شەش حەوت ساڵە سەرۆكم بۆ لە یەك هەڵبژاردندا سەركەوتوو نەبوومە؟ پێویستە لەو بارەوە بە جیددی بە خۆیاندا بچنەوە".

ئەو هەروەها جەختیشی كردەوە كە، ئاكەپە سەرەڕای هەواڵدانەكانی ئەو جۆرە كەسانە، لە نۆ هەڵبژاردنی جیاجیادا بە یەكێتی و یەكڕیزی و سەركەوتوویی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ و پشت بە خوا لەمەودوایش هەر بەو جۆرە بەردەوام دەبێت.

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار