عێراق، کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی لە شاخی شنگال ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.INFO- گوتەبێژ بە ناوی سوپای عێراقەوە، (قاسم عەتا)، کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێکی جۆری می 17 ڕاگەیاند کە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە ئاوارە ئێزدییەکان چووبووە شاخی شنگال، ڕاگەیاند.
بە گوتەی سەرچاوەکان، فڕۆکەکە لەپڕ و لە بەرازییەکی کەم خۆی بە تاشەبەردێکدا کێشاوە و کەوتووەتە دۆڵێکەوە لە شاخی شنگال. بەرپرسانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کە بۆ پاراستن و دەربازکردنی ئاوارەکان لە ساتی یەکەمی ڕووداوەکانەوە لەو شاخەن، هەر زوو بە هانای سەرنشینانی نێو کۆپتەرەکە ڕادەگەن و بریندارەکانیش بە کۆپتەرێکی دیکەدا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دهۆک دەکەن.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە نێو کۆپتەرەکەدا، جیا لە فڕۆکەوانەکە کە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چەند کەسێکی دی لە ئاوارەکان کە پاش گەیاندنی هاوکاری لەگەڵ خۆیاندا بردبوویانن، بریندار بوون. وەک زانراویشە، پەرلەمانتاری عێراق(ڤیان دەخیل) یەکێک لە بریندارانی ڕووداوی کۆپەرەکەیە.
جەختیش کراوەتەوە کە، کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکە، بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بووە و لە لایەن چەکدارانی داعشەوە نەپێکراوە.
سەرکەوت حەسەن




