عەبدوڵڵا گوول دەگەڕێتەوە نێو ئاكەپە

ئانكارا-KDP.INFO- جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕایگەیاند، (عەبدوڵڵا گوول) دوای كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆككۆماری بۆ نێو ئاكەپە دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا و هەڵبژاردنی (ئەردۆغان) بۆ پۆستی سەرۆككۆماریی ئەو وڵاتە، جارێكی دیكە پرسی "ئایا سەرۆككۆماری پێشووی توركیا (عەبدوڵڵا گوول) دوای كۆتاییهاتنی پۆستەكەی چی دەكات؟" كەوتە رۆژەڤی توركیاوە.
لەو بارەوە دوێنێ سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گوول) ئاماژەی بەوە دابوو كە ئەندامی ئاكەپەیە و زۆر پێی ئاساییە كە بگەڕێتەوە نێو ئاكەپە.
هەر لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا (بەشیر ئاتاڵای) لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "تی ئاڕ تی" ئاماژەی دا كە مافی (عەبدوڵڵا گوول)-ە بگەڕێتەوە بۆ نێو ئاكەپە.
(ئاتاڵای) گوتی، "لە توركیادا گۆڕانكاریی یەكجار گەورە دەكرێ و ئاكەپەیش لە نێو خۆیدا گۆڕانكاری دەكات و سەرلەنوێ حكوومەت دادەمەزرێنێت، (عەبدوڵڵا گوول)-یش دەگەرٍِێتەوە نێو ئاكەپە، چونكە كەسی دووەمی ئاكەپەیە و مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە نێو حزبەكەی.
لە لایەكی دیكەوە هەر دوێنێ كۆمیتەی ناوەندیی ئاكەپە كۆ بووەوە و بڕیاری دا كە رۆژی 27-ی مانگی ئەیلوول كۆنگرە ساز بكرێت و تێیدا سەرۆكێكی كاتی تا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2015 دەستنیشان بكرێت و ئەو سەرۆكە كاتییەی ئاكەپە هاوكات دەبێتە سەرۆكوەزیرانی كاتیی توركیا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2015-دا.
هیوا ئەردەلان




