بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەی سەوزدا، هەڵەیەكی كوشندەیە.. داهاتوویەكی ڕەش چاوەڕوانی (مالیكی) دەكات

هەولێر-kdp.info-گوتەبێژی پێشووی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی دەڵێت، (مالیكی) توانای ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی ئێستای عێراقی نییە، بۆیە بڵاوەپێكردنی هێز نیشانەی دروستبوونی مەترسییە و داهاتوویەكی ڕەشیش چاوەڕوانی دەكات.
دوێنێ شەو (نووری مالیكی) لە وتارێكدا دیاریكردنی (حەیدەر عەبادی)ـی بە نایاسایی دانا و ئاماژەی دا كە پشگیریی هێزە چەكدارەكان دەكات و كورسیی دەسەڵات چۆڵ ناكات. چاودێری سیاسی و گوتەبێژی پێشووی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی (موئەیەد تەییب) بۆ KDP.infoگوتی، "چاوەڕوانكرابوو كە (مالیكی) دەست لە دەسەڵات بەر نادات و هەڵەیەكی گەورەیشە بیەوێت سیستەمی دیموكراتی بوەستێنێت، خۆ ئەگەر پێداگیری بكات لەسەر مانەوە و بیەوێت هێز بەكار بهێنێت، ئەوا داهاتوویەكی ڕەش چاوەڕوانی دەكات، چونكە ئەو ناتوانێت بە تەنیا دژی هەموو سیستەمی سیاسیی عێراق بوەستێتەوە، ئەو سەركێشییەیشی كۆتایی خۆیەتی لە پرۆسەی سیاسیدا".
(تەییب) گوتیشی، "مەترسی هەیە كە بە سەركێشیی (مالیكی) لایەنی دیكە هێز لە دژی بەكار بهێنێت، چونكە ئێستا هێزی دیكە پەیدا بوون كە (حەیدەر عەبادی) سەرپەرشتییان دەكات، هەروەها لایەنێكی زۆریش لە عێراقدا لە دژی (مالیكی) پشگیریی دەكەن".
بە گوتەی ئەو، بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوچەی سەوزدا، هەڵەیەكی كوشندەیە و دواجار دەبێت (مالیكی) باجەكەی بدات.




