ئۆباما: لە پشتیوانیمان بەردەوام دەبین.. عێراقییەکانی هان دا حکوومەتی نوێ هیی هەموو پێکهاتەکان بێ

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) کەمێک پێش ئێستا ڕایگەیاند، ئەرکی حکوومەتی ئەمەریکا بووە کە هاوکاریی هاووڵاتیان و دیپلۆماتکارانی و هەروەها عێراق و هەریمی کوردستان بکات. سەرکردە عێراقییەکانیشی هان دا تا لە دووبارە بنیاتنانەوەی ولاتەکەیان کۆشش بکەن.
لە وتارێکیدا کە لە کۆشکی سپیی ئەمەریکا پێشکەشی کرد، دەربارەی شەڕی دژ بە داعشیش لە هەرێمی کوردستان،(سەرۆک ئۆباما) دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە شەڕی زەوینی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکەن و ئەمەریکایش لە ئاسمانەوە هاوکارییان دەکات و لەو پشتیوانییەیش بەردەوام دەبن.
(ئۆباما) زیاتر لە بارەی دۆخی عێراقەوە گوتی، "پێویستە سەرکردە سیاسییەکان بە بایەخەوە لە وڵاتەکەیان بڕوانن و داوایشی کرد، عێراقییەکان لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان هەوڵ بدەن، چونکە بە تەنیا ڕێگای سەربازی چارەی قەیرانی عێراق ناکات."
هاوکات دەڵێت، "پشتیوانییش لە سەرۆککۆماری نوی(فواد مەعسووم) دەکەین و هاوکارییشی دەکەین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق."
گوتیشی "دەبی حکوومەتی نوێ، حکوومەتێک بێت تەواوی پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت و حکوومەتی نیشتیمانی بێ."
سەرکەوت حەسەن




