مالیکی: ڕاسپاردنی (عەبادی) هیچ بەهایەکی نییە.. بەرەنگاری ئەم بڕیارە دەبینەوە

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆکوەزیارنی کاربەڕێکەری عێراق(نووری مالیکی) کەمێک پێش ئێستا ڕایگەیاند، ڕاسپاردنی (حەیدەر عەبادی) پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی دەستوورە و، ڕووی دەمیشی لە خەڵکی عێراق کرد کە، ئەم ڕاسپاردنە هیچ بەهایەکی دەستووری نییە. داوایشی لە سەرۆککۆمار کرد کە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.
ئەو لەو پەیامەیدا ئاراستەی کۆی عێراقییەکانی کرد گوتیشی، "ئێمە تانەمان لەم بڕیارە داوە و وەک دەوڵەتی یاسا کاندیدی خۆمان هەیە. دەبوایە کۆبوونەوەی فراوان کرابوایە تا یەکێک کاندید بکرێت و، بەڵام نەیانکرد، چونکە هەموو ئەوەی هەیە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی یاسایە و 103 کورسیی هەیە و (مالیکی) بە تەنیا لە بەغدا زیاتر لە 750هەزار دەنگی هێناوە."
(مالیکی) جەختی کردەوە، "بە هەماهەنگیی دەرەکی ئەم بڕیارە دراوە و ئەمەریکا لە پشت ئەوانەوەیە کە دەستووریان پێشێل دەکەن. دیارە کە هەر سنووربەزاندنێکیش لێپێچینەوەی خۆی هەیە و بەرەوڕووی دەبینەوە"، زیاتر گوتی، "ئێمە دەمانەوێ بەپێی بنەماکانی دەستوور هەنگاو بنێین و بەرەنگاری هەر پێشێلکاریەکیش دەبینەوە."
(مالیکی) دوپاتی کردەوە، "ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕووی دا، هیچ بەهایەکی نییە. ئەو بابەتە بڕاوەتەوە کە من کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانم و دادگای فیدراڵیش ئەمە پاش دەزانێت."
ئەو هاوکات داوای لە هێزە سەربازییەکانیش کرد کە، "دوودڵ نەبن لە بەرانبەر ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە و لە شوێنی خۆتان بمێننەوە، ئێمە خۆمان لێرەوە ئەم کێشیە چارە دەکەین و دڵنایاتان دەکەمەوە کە ئەم ۆرسە هەر ئاوا تێپەڕ نابێت."
زیاتر گوتی، "ئەفسەرانی سوپا کە لە سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن، نیگەران بوون، بەڵام من لە پەیامێکمدا بۆیان هێورم کردوونەوەتەوە، ئەگینا ئەوان زۆر بە ئەو پێشێلکارییە نیگەرانن."
سەرکەوت حەسەن




