سەرۆککۆمار،بە فەرمی (حیدەر عەبادی)ـی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕاسپارد

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆککۆماری عێراق(فواد مەعسووم)، ئەمڕۆ دووشەممە لە مەراسیمێکدا بە فەرمی، سەرکردە لە حیزبی دەعوە(حەیدەر عەبادی)ـی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕاسپارد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کۆشکی کۆماری ساز درا و بە ائمادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی (ئیبراهیم جەعفەری)، سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ(فواد مەعسووم)، داوای لە (حەیدەر عەبادی) کرد حکوومەتی نوێ پێک بهێنێت.
لای خۆیەوە ڕسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ(عەبادی) رایگەیاند "لەسەر کۆی عێراقییەکان پێویستە هەماهەنگییان هەبێ بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هەڵمەتە دڕندانەییەی داعش بەرپای کردووە."
(حەیدەر جەواد کازم ئەلعەبادی) لەداییکبووی 1952-ی پارێزگای بەغدایە، لە زانکۆی مانچستەر لە ئینگلتەرا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری ئەندازیاریدا بەدەست هێناوە. ئەندامی پەرلەمانی عیراقە لەسەر لیستی هاوپەیامنیی نیشتیمانیی شیعەکان و ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری بووە. بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حیزبە دەعوەی ئیسلامی و گوتەبێژی ئەو حیزبەیە. لە کابینەی حکوومەتی (عەللاوی)-دا وەزیری گوازتنەوە و گەیاندن بووە.
سەرکەوت حەسەن




