دادگەی فیدراڵی لە ژێر هەڕەشەدا لیستەكەی (مالیكی)ـی وەك گەورەترین كوتلە دیاری كردووە

بەغدا-تایبەت بە kdp.info-دوای ئەوەی شەوی رابردوو (نووری مالیكی) گوتارێكی هەڕەشەئامێزی پێشكەش كرد، ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیاری دا كە لیستی دەوڵەتی یاسا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە. پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، دادگەی فیدراڵی لە ژێر هەڕەشەدا ئەو بڕیارەی داوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. عەرەفات كەرەم) بە kdp.info-ی راگەیاند، لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە و پێویستە سەرۆكی ئەو لیستە كاندیدی خۆی پێشكەشی سەرۆككۆمار بكات و ئەویش لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە دوێنێ وادەكە تەواو بووە.
سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی كە باس لەوە دەكات لیستی دەوڵەتی یاسا گەورەترین كوتلەیە، (د. عەرەفات) گوتی، "سەیرە دادگەی فیدراڵی لە ماوەی 15رۆژی رابردوودا گەورەترین كوتلەی دیاری نەكرد، بەڵام ئەمڕۆ گەورەترین كوتلەی دەستنیشان كرد، ئەوەیش دوای هەڕەشەكانی (نووری مالیكی) و هێنانی زرێپۆش، بۆیە دادگەی فیدراڵی ئەو بڕیارەی لە ژێر هەڕەشەدا دەركردووە و بڕیارەكەیش هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر ڕوونی كردەوە، سەرۆككۆماری عێراق دەستووری پێشێل نەكردووە، چونكە پێویستە هاوپەیمانیی نیشتمانی كە گەورەترین كوتلەیە، كاندیدی خۆی پێشكەشی سەرۆككۆمار بكات بۆ ئەوەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق راسپێردرێت، بەڵكە ئەوان پێشێلی دەستووریان كردووە.
ئەوەیشی خستەڕوو كە، "ئەگەر تا ئەمڕۆ سەعات سێی دوای نیوەڕۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی كاندیدی خۆی پێشكەش نەكات، دەردەكەوێت كە (مالیكی) كودەتای كردووە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق پارچە پارچە بێت، بۆیە هیوادارین هاوپەیمانیی نیشتمانی كاندیدی خۆی ئەمڕۆ دیاری بكات بۆ ئەوەی لەو قەیرانە دەرباز بین".
بڵند ئیبراهیم




