یۆنامی: پێویستە بەغدا یارمەتییە داراییەكانی بەپەلە بۆ هەرێم رەوانە بكات

ئەمڕۆ شاندێكی یونامی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێكەوەكاركردن، سەردانی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) كرد.
شاندی یۆنامی تیشكی خستە سەر یارمەتییەكانی كە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە هەموو بوارێكدا یارمەتیی هەرێم بدەن بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان و بەرەنگاربوونەوەی داعش.
نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ یارمەتیی مرۆیی، داوای كرد كە بە زووترین كات هاوكاری بگاتە ئەو دەیان هەزار ئاوارەیەی كە لە چیای شنگال هاتوونەتە خوارەوە و ژمارەی ئاوارەكانی ناو شاری زاخۆ پترە لە ژمارەی خودی دانیشتووانی شارەكە، تەنانەت لە هەندێ شوێنی دیكەیش ئەو كێشەیە رووی داوە.
نوێنەری یۆنامی سەبارەت یارمەتیدانی ئاوارەكانی چیای شنگال رایگەیاند كە، هەرچەندە هەندێك كێشەیان هەبووە، بەڵام بە شێوەیەكی باش یارمەتییەكان بە سەلامەتی گەیشتوون.
لە بەشێكی تردا (د. دیندار زێباری) باسی لە پێویستیی دەركردنی بڕیارنامەیەك لە لایەن ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەگرتووەكانەوە دژی چەكدارانی داعش كر كە پێویستە هەوڵ بدرێت پەناگایەكی ئارام بۆ ئاوارەكان دروست بكرێت.
یۆنامی گۆشارەكانی بۆ سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر كردووە بۆ ئەوەی كە بزانێت داعش كێشەیەكی گەورەیە و تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر عێراق، بەڵكو مەترسیی بۆ سەر تەواوی جیهان هەیە. داوایشی كرد هەولێر و بەغدا بە هاوبەشی كار بكەن و میكانیزمێك بۆ چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش دابنێن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا یۆنامی پێداگریی لەسەر پێویستیی پێكەوەكاركردنی هەولێر و بەغدا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد.




