٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەدهەزار هیندی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دێنە عێراق

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  زیاتر لە 100 هەزار لە هیندییە شیعەمەزهەبەکانی نیودلهی، باوەڕیان وایە کە، لەو کاتەدا کە دێنە عێراق و دژ بە کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش، خۆبەخشانە شوورەی مرۆیی بە دەوری مەزارە پیرۆزەکانیاندا پێک دێنن، بشکوژرێن، ئەوا دواجار گیانیان ئاسوودە دەبێ.

دیمەنە ویژدانهەژێنەکانی بەرەنجامی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش دژ بە عێراقییەکان نەک هەر تەنیا لە نێوخۆ، بەڵکە لە جیهانیشدا دەنگدانەوەی هەیە و لە نیودلهیی هیندستانیش دەڵێن، هێرشی داعش بۆ سەر مەزارە شیعییەکان لە عێراق پێشێلکارییە و ژمارەیاک خۆبەخشیشیان لە ئێستادا لە هەوڵی هاتنن بۆ عێراق و بەرەوڕووبوونەوەی داعش.

هیندییە شیعەمەزهەبەکان دەڵێن، ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕەکانی ئینتەرێت بڵاو بوونەتەوە، "دڵ دەهەژێنن"، چونکە ئەوان جیا لە داگیرکردنی شار و شارۆچکەکان، هەرچیی شوێنە پیرۆزەکان هەن، دەیڕمێنن و ئەوەی لەگەڵیان نەبێ دوژمنە و دەیکوژن.

ئەو دیاردە و پێشوەچوونانەی داعش لە عێراق، هانی کۆمەڵگەی هیندییە شیعەکانی داوە، ئەو کەسانە ناونووس بکەن کە، خۆبەخشانە خواستی هاتنە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعشیان هەیە، یەکێک لە هیندییە شیعەمەزهەبەکان بە ناوی(بەهدوور عەبباس ناکڤی) کە سەرپەرشتیی ناونووسکردنی خۆبەخشەکانی وڵاتەکەی دەکات لە نیودلهی گوتی، "تا ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ چوون بۆ عێراق تۆمار کردووە."

ژن و مێردێکی دی وەک بۆ تەلەڤزیۆنی سی ئێن ئێن قسەیان دەکرد، لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە، هاتنیان بۆ عێراق و پارێزگاریکردنیان لە پیرۆزییەکان، ئەگەر لە ڕێیانەوە بشکوژرێن، ئەوا دواجار گیانیان ئاسوودە دەبێت.

 (بەهدوور عەبباس ناکڤی) زیاتر ڕوونی کردەوە، "هاتن و بەشداریی ئەو خۆبەخشانە لە بەرەنگاریی داعش تەنیا پێوەست بە شەڕکردن بە چەکەوە نییە، بەڵکە دەیانەوێت، شورەیەکی مرۆییش بۆ پاراستنی مەزارەکان پێک بێنن."

ئەگەرچی حکوومەتی هیندستان پێی ڕاگەیاندوون لە وەها دۆخێکی ناهەمواردا ناتوانێ بەو ڕازی ببێ هاووڵاتیانی گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵام (ناکڤی)-ی بەرپرس لە ناووسکردنی خۆبەخشان دەڵێ، هەموو هەڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بگەنە عێراق، "ئێمە ئازادین لە هەنگاونانمان، ئەگەر حکوومەت ڕێ نەدات بە ڕێی ئاسایی بڕۆین، ئەوا هەوڵ دەدەین لە ڕێی ئێران یاخود ئەمەنەوە خۆمان دەگەیەنینە عێراق."

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار