داعش، بە پارە و ئۆتۆمبێل گەنجانی سوننەمەزهەب لە خشتە دەبات

هەولێر-KDP.INFO- سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق دەڵێن، بە سەدان گەنجی سوننەمەزهەب لە پارێزگاكانی مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێوەندییان بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامییەوە كردووە. ڕوونیشی دەكەنەوە كە، ڕێگاگەلێكیش هەن كە داعش لە ڕێیانەوە سەرنجی ئەو گەنجە سوننییانە بە لای خۆیاندا كێش دەكەن.
سەرچاوە ئەمەریكایی و عێراقییەكان هێزی چەكداریی داعش لە عێراق و سووریا بە 10 هەزار دەخەمڵێنن، كە لە نێویاندا سەدان لەو بەندكراوانە هەن كە لە میانەی دەستبەسەرداگرتنی شارەكانی عێراقدا هەر خۆیان ئازادیان كردن، ئەم ژمارەیە لە خۆبەخشانی تیرۆریست كە ئێستا لە ڕیزەكانی داعشدان، پێوەندییەكی بەو ڕێژەیەوە نییە كە بەرلە پێشووەچوونەكانیان لە عێراقدا هەیانبوو.
لیستی خۆبەخشە نوێیەكانی ئەو ڕێكخراوە، سەدان گەنجی تەمەن نێوان 16 تا 25 ساڵ لە خۆ دەگرێت و زۆربەیشیان بێكار و هەژاران و نەخوێندەوارانن، ئەمە بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی ڕاگەیاندنی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمەریكایی كە لە ڕێی بەرپرسانی عێراقییەوە وەری گرتوون، زۆرینەیشیان بە هۆی هەستكردن بە پەراوێزبوون و جیاكارییەوە لە نێو ڕیزەكانی سوننەدا و لەسەر دەستی سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) گەیشتوونەتە دۆخی بێهیوایی.
باوكی یەكێك لەو گەنجانەی كە پێوەندیی بە داعشەوە كردووە دەڵێ، كوڕەكەی 19 ساڵانە و جانتاكەی پێچایەوە و لە ماڵ چووە دەر بۆ ئەوەی پێوەندیی بە بەرەكانی شەڕەوە بكات.. ئەو باوكە بەرپرسارەتیی ڕۆیشتنی كوڕەكەی و سەدانی دیكە دەخاتە ئەستۆی حكوومەتی (مالیكی) لەوەی كە بەسەریان هاتووە.
ئەو باوكە كە خۆی بە (ئەبو ڕەعد) ناساندووە، وەها دیتی خۆی دەخاتە ڕوو و دەڵێ، "حكوومەت بواری دا ئەو (عەسابانەی داعش) دەست بەسەر وڵاتدا بگرن". زیاتر گوتی، "بەر لە هاتنی چەكداران، كوڕەكەم گوێی لە موزیك دەگرت و یاریی ڤیدیۆیی دەكرد، بەڵام دواتر وەها گۆڕا تا بوو بە كەسێكی دی.. پێشتر خەونی بەوەوە دەبینی كە ببێتە ئەندازیاری كۆمپیوتەر، بەڵام ئێستا تەنیا تیرۆریستێكە."
سەرچاوە نێوخۆییەكان ئاماژە دەدەن كە ئەو ڕێگایانەی بۆ بەچەكداركردنی ئەندامان لە مووسڵ ڕێكخراوی داعش بە كاریان دەهێنێت، پێدانی ئۆتۆمبێل و چەك و مۆباییل و بڕێك پارەیە بە هەر یەكێكیان.
لە گرتە ڤیدیۆییەكانی داعشدا بە ڕوونی ئەوە دەبینرێ كە چۆن تیرۆریستانی داعش، بڵاوەكراوەكانیان لە ناوچەكانی مووسڵ بڵاو دەكەنەوە، تا لە ڕێیانەوە گەنجان بچنە نێو ڕیزەكانیانەوە، هاوكات "سی دی"ـی چالاكییەكانیشیان لەگەڵ بڵاوكراوەكانیاندا دابەش دەكەن كە وتاری سەركردەكەیان (ئەبوبەكر بەغدایی)ـیش لە خۆ دەگرێ.
سەرکەوت حەسەن




