هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری لە توركیا دەستی پێكرد

ئانکارا-KDP.INDO- خەڵكی توركیا،بۆ جاری یەكەم، بۆ هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆككۆمار چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە گشتی 52 ملیۆن و 894 هەزار و 115 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە سەعات هەشتی بەیانییەوە پڕۆسەی دەنگدان دەستی پێكرد.
لەم هەڵبژاردنەدا كە هەر یەك لە (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، ئەكمەلەددین ئیسحانئۆغڵو و سەڵاحەددین دەمیرتاش) ڕكابەری یەكتر دەكەن، بۆ دەنگدان پێویستە ژمارەی ناسنامەی توركیا یا هەر بەڵگەنامەیەكی دیكەی رەسمی توركیا لەگەڵ دەنگدەردا بێ. بۆ جاری یەكەمە كە لەسەر پسولەی دەنگداندا وێنەی پاڵێوراوەكان چاپ كراوە، بەپێی ئەو تیروپشکەی لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە ساز دراوە، ( ئەردۆغان) یەكەم و (دەمیرتاش) دووەم و (ئیحسانئۆغڵو)-یش لە رێزی سێیەمی پسولەكاندایە.
بۆ سەلماندن یا پشتڕاستكردنەوەی ناسنامەی دەنگدەر، پێویستە نفوسی دەنگدەر كە ژمارەی ناسنامەی توركیای پێوەیە لەلای دەنگدەر بێ یا هەر بەڵگەنامەیەكی رەسمی دیكەی توركیا كە بسەلمێنی دەنگدەر هاووڵاتیی توركیایە و مافی دەنگدانی هەیە دەبێ لەگەڵ دەنگدەردا بن، پاسپۆرت، بەڵگەنامەی هاوسەرگیری، بەڵگەنامەی ئەنجامدانی سەربازی، مۆڵًەتی لێخۆڕین و چەندین بەڵگەنامەی ڕەسمیی دیكە پێویستە یەكیان لە كاتی دەنگداندا نیشان بدرێن.
ئەو بەڵگانەی كە ژمارەی ناسنامەی رەسمیی توركیایان پێوە نەبێ یا ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە ناسنامانەیان پێیە بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن پێویستە بەڵگەی دەنگدان یا ژمارەی تۆماری نفووسیان پێ بێ كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نفوسەوە بۆیان دەركراوە.
پڕۆسەی دەنگدان تا كاتژمێر پێنجی ئێوارەیە
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی توركیادا زووتر دەست بە پڕۆسەی دەنگدان بكرێ هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی نەكرد بۆیە هەمووی توركیا پێكەوە سەعات هەشتی بەیانی دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و پڕۆسەكە تا سەعات پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێ. ئەگەر هاتوو لە كاتی كۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگداندا خەڵك لە ناوەندی دەنگدان هەبێ بەر لەوە سندووق دابخرێ بەڕێوەبەری ئەوە ناوەندە دەتوانێ ژمارەی ئامادەبووان بژمێری و دەرگاكان دابخا تا ئەو كەسانەی دەنگیان نەداوە دەنگی خۆیان بدەن. كامە دەنگدەر ناوی لە كامەی سندووق و ناوەنددا هاتووە تەنیا لەو ناوەند و سندووقەدا بۆی هەیە دەنگ بدا.
شوێنەكانی دەنگدان
دەنگ لە شوێنێكی داخراودا دەدرێ، نهێنیی دەنگەكان دەپارێزرێ و دەنگدەر بە ئازادی دەتوانێ دەنگ بدا و سندووقەكانیش بە جۆریەیەك ئامادە كراون كە لە دەرەوەی كەس ناتوانێ ناوەوەی سندووقەكان ببینێ.
بەرپرسی سندووق و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی سندووقی دەنگدان پێش دەستپێكردنی پڕۆسەی دەنگدان وەكو یەكەمین كار لە بەردەم ئەو كەسانەی لەسەر سندووقدا ئامادەن سوێند دەخون و دواتر سندووقەكە كۆنترۆڵ دەكەن.
ئەمنیەتی شوێنی سندووقەكان لەلایەن بەرپرسی سندووقەكانەوە دەپارێزرێ، ئەوانەی كە هەوڵ بۆ تێكدانی ئارامی بدەن دەگیردرن و ئەوانەیش كە گوێ بە رێنماییەكان نەدەن لە شوێنی سندووقەكەدا دوور دەخرێنەوە.
لە چوارچێوەی ئەو رێوەشوێنانەدا كە لە سەر سندووق گیراونەتە بەر بە شێوەیەك كە كاریگەری لەسەر دەنگدەرانی دیكە نەكا هاوكاری كەسانی خاوەن پیداویستیی تایبەتی، بەساڵداچوو، نەخۆش و كەسانی دوو گیان دەكرێ. لە سەر سندووق هیچ كەس بۆی نییە دەستوەردانی پڕۆسەی دەنگدان بكا و داوا لە دەنگدەر بكا دەنگ بە كەسێكی تایبەت بدا و ئەو كەسانەی دەنگ دەدەن بۆیان نییە لە شوێنی دەنگدان بمێننەوە.
دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان دەنگی هاووڵاتییانی توركیا لە هەندەران كە حاڵی حازر لە توركیان، لە شوێنە تایبەتییەكاندا دەردەخرن و لەگەڵ دەنگەكانی سەرانسەری توركیادا دەژمێردرێن.
لە چوارچێوەی قەدەغەكارییەكانی هەڵبژاردندا تا سەعات 12ی شەو لە هیچ شوێنێكدا مەی نافرۆشرێ، بێجگە لەو كەسانەی بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاساییش كەس بۆی نییە لە گوند، شارۆچكە و شارەكاندا چەك هەڵبگرێ.
لە سەعات هەشتی بەیانییەوە تا پێنجی ئێوارە لە شوێنە گشتییەكان و چێشتخانەکان و قاوەخانەكاندا بێجگە لە خواردن هیچ شتێكی دیكە نافڕۆشرێ و كافە نێتەكان و شوێنەكانی دیكەی رابورادن داخراو دەبن.
بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ، راپۆرت یا زانیاری جیاواز لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە لایەن كەناڵەكانی راگەیاندنەوە تا سەعات پێنجی ئێوارە قەدەغەیە. لە نێوان سەعات پێنج تا سەعات نۆی شەو كەناڵەكانی راگەیاندن دەتوانن تەنیا ئەو شتانە بڵاو بكەنەوە كە لە لایەن كۆمسیۆنە ئاراستەیان دەكرن. دوای سەعات نۆ كۆتایی بەو قەدەغەكارییە دێ، ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە پێویست بزانێ ئەوا دەكرێ قەدەغەكارییەكان پێش سەعات نۆ كۆتاییان پێ بێ.
ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن رۆژی 11ی مانگ لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەینرن بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتەخۆلی دووەم ئەوا پڕۆسەی راگەیاندنی دەنگەكان لەگەڵ هەڵمەتی پڕۆپاگەندەدا دەست پێ دەكا.
هەموو تانەكان لەسەر بڕیارەكانی دەستەی كاڕگێری سندووقەكانی دەنگدان رەچاو دەكرن و پڕۆسەی تانە لێدان تا سەعات پێنجی رۆژی 11ی ئاب بەردەوام دەبێ. دەستەی سندووقی ناوچەكانیش پێویستە تا سەعات 11ی شەوی هەمان رۆژ بڕیار لەسەر ئەو تانانە بدەن.
دوایین رۆژ بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر بڕیارەكانی دەستەی سندووقی ناوچەكان لە دەستەی سندووقی پارێزگاكان 12ی ئابە و ئەو پڕۆسەیە تا سەعات پێنجی ئێوارەی هەمان رۆژ بەردەوام دەبێ و دەستەی سەرپەرەشتیاری سندووقی پارێزگاكانیش پێویستە تا سەعات 12ی هەمان شەو بڕیار لەسەر تانەكان بدا.
پڕۆسەی تانە لێدان بە بڕیارەكانی دەستەی سەرپەرشتیاری سندووقی پارێزگاكان تا سەعات پێنجی ئێوارەی رۆژی 13ی ئاب بەردەوام دەبێ و ئەو تانانەیش رادەستی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەكرن و كۆمسیۆنیش تا رۆژی 14ی ئاب وەڵامی ئەو تانانە دەداتەوە.
ئەگەر بێتۆ هەڵبژاردن بكەوێتە خولی دووەم ئەوا هاووڵاتییانی توركیا لە هەندەران رۆژی 17ی ئاب دووبارە دەنگ دەدەنەوە و پڕۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی توركیا تا 20ی ئاب بەردەوام دەبێ و پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی دووەم لە توركیا رۆژی 24ی ئاب دەست پێ دەكات.
هیوا ئەردەلان




