ئەنجوومەنی ئاساییش، بە توندی بەرەنگاری داعش دەبێتەوە

هەولێر-KDP.INFO- ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، پڕۆژەبڕیارێكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندی چەكدارانی داعش ئامادە كردووە، كە لە ڕووی ماددییەوە لاوازیان دەكات و سزایشی بۆ شەڕكەرە بیانییەكان و ئەوانەیشی كە خەڵكیان بۆ كۆ دەكەنەوە و هاوكارییان دەكەن، دیاری كردووە.
پڕۆژەبڕیارەكە كە بەریتانیا ئامادەی كردووە و پوختەكەی دەست "ڕۆیتەرز" كەوتووە، بازرگانیكردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ داعش و بەرەی نوسرە كە باڵێكی قاعیدەیە لە سووریا، ڕیسوا دەكات.
ئەو پڕۆژەبڕیارەکە هەروەها هەڕەشەی سزادانی هەموو ئەو كەسانە دەكات كە هاوكاریی داعش دەكەن و داوایش لە وڵاتان دەكات ناوی ئەو كەس و قەوارانەیان بداتێ كە گومانیان لێیان هەیە، پشتیوان و هاوكاری داعش بن.
دەقی یەكەمی پڕۆژەبڕیارەكە، كە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش دوێنێ هەینی خستیانە بەر باس، بە دیاریكراوی سەركردەی دەوڵەتانی ئیسلامی لەخۆ دەگرێ كە دەبنە ئامانجی سزاكان و سامانەكانیان بلۆك دەكرێ و ڕێی گەشتكردنیشیان لێ دەگیرێ.
باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان (ماڕك لیال گرانت) لەو بارەیەوە دەڵیت، دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە، لە ڕۆژانی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا دەبێت.
بەریتانیا نیازی وابووە لە كۆتایی ئەم مانگەدا بڕیار لەو بارەیەوە دەر بكات، بەڵام بە هۆی پێشوەچوونەكانی داعشەوە بە ئاراستەی پایتەختی هەرێمی كوردستان، پلانەكەی لە خستنەڕووی ئەو پڕۆژەیاسایە بەپەلە خستە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی.
دیپلۆماتكاران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەرجی ناونەبردنیان ڕایانگەیاندووە كە، ئەنجوومەنی ئاساییش یەكگرتوو و یەكدەنگن لە بەرانبەر گەورەترین مەترسی كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی (سەددام حوسێن)-ەوە بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە.
دەوڵەتی ئیسلامی كە پێشتر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسرابوو، ناوی لە لیستی ڕەشی ئەنجوومەنی ئاساییشدا هەبووە تا بەرەی نوسرەیش ئەمساڵ ناوی خرایە هەمان لیستی ڕەشەوە كە بلۆككردنی سامان و قەدەخەكردنی چەكە لێیان.
پڕۆژەیاساكە هاوكات داوا لە تەواوی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاساییش دەكات، ڕێگری بكەن لە چوونی شەڕكەرە تیرۆریستەكان بۆ ناو داعش و بەرەی نوسڕە و گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە ڕێكخراوی قاعیدە.
هەروەها داوا لە شارەزایانی تایبەتمەند بە چاودێریی پێشێلكاری و سزاكانی یوئێن دەكات، لە ماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن، كە تەواوی وردەكاریی پێوەست بە هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی و سەرچاوەی چەكەكانی و پشتیوانیكارانی تێدا بێت، هەروەها ڕاسپاردەیشیان بۆ ڕێوشێنی زیاتر بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە لەخۆ بگرێت.
ئەو پڕۆژەیاسایەیش دەچێتە چوارچێوەی بەندی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان كە دەستەڵات دەداتە ئەنجوومەن بۆ سەپاندنی بڕیارەكانی بە مەبەستی سزادانی ئابووری و سەربازی، بەڵام پڕۆژەكە ئەنجوومەن ڕاناسپێرێت هێز بۆ شەڕكردن دژ بە تیرۆریستان بە كار ببرێت.
سەرکەوت حەسەن




