بۆ ئێزدییەکان خەمبارین.. ئێران: ئێمە پشتیوانی لە كوردەكان دەكەین

هەولێر-KDP.INFO- (عەلی یوونسی)-ی یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆككۆماری ئێران ڕایگەیاند، سیاسیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەك ڕابردوو، پشتیوانییە لە كوردەكان.
یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆككۆماری ئێران بۆ كاروباری نەتەوەكان و كەمینە ئایینیی و مەزهەبییەكان، بە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی ڕاگەیاندووە كە، سیاسیەت و ستراتیژی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر وەك ڕابردوو پشتیوانییە لە دەوڵەت و گەلی عێراق، (عەلی یوونسی) زیاتر گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی نزیكایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی دەوڵەت و میللەتی ئێران لەگەڵ خەڵكی كورد لە عێراق، سیاسیەتی ئێمە پشتیوانی لە كوردەكانە و كوردەكان بەشێكن لە شوناسی مێژوویی كە شارستانییەتی ئێران پێك دێنن."
(یوونسی) ئاماژە بە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییانەی عێراق و هەوڵەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعێش لەم وڵاتە و بە تایبەت هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، جەختی کردەوە: "ئێران بەردەوام لەگەڵ كوردەكان لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە كوردی تێدا نیشتەجێیە، پەیوەندییەكی نزیك و تایبەتی هەبووە"، ئاماژەیشی دا "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە شێوەیەكی نامرۆڤانە هێرش كراوەتە سەر كوردانی ئیزدی و ژمارەیەكی زۆریان لێی بوونەتە قوربانی و زۆریشیان ئاوارە بوون."
ئەو هاوکات ئەو هێرشەی بە كارەساتی نامرۆڤانەیەی بۆ سەر كوردانی ئیزدی ناو برد و گوتی "جێگای داخ و كەسەرێكی زۆرە و هیوادارین كە بە یەكێتی و هاوکاریی هەموو حیزبەكان و سوپای عێراق و هەروەها كوردەكان بە زووترین كات، ئەم قەیرانە كۆتایی پێ بێت و ئاساییش و هێمنی بۆ عێراق بگەڕێتەوە."
یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆككۆماری ئێران(حەسەن ڕۆحانی) گوتیشی: "ئەم جۆرە شەڕانە لە خراپبوونی بەرپرسیارەتیی ئەمەریكاوە سەرچاوەی گرتووە كە بواری بۆ ئەم جۆرە دەمارگرژییانەی خۆش كرد و ئێستا خەڵكی عێراق بوونەتە قوربانی."
سەرکەوت حەسەن




