كۆبوونەوەی بەپەلەی لیستە كوردییەكان بۆ ڕەتكردنەوەی (مالیكی) ئەنجام دەدرێت

هەولێر-KDP.info- سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردییەكان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ ڕەتكردنەوەی (مالیكی) ئەنجام دەدەن و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، تۆپەكە لە مەیدانی هاوپەیمانیی نیشتیمانیدایە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئارێز عەبدوڵڵا) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی، سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردییەكان كۆدەنگن لەسەر كاندیدنەكردنەوەی (مالیكی) بۆ ولایەتی سێیەم و بەم زووانەیش كۆبوونەوە لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەن.
هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران (ئەشواق جاف) بە KDP.infoدەڵێت، "ڕۆژی شەممە سەرجەم فڕاكسیۆنەكان كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ ڕەتكردنەوەی (نووری مالیكی)، بەڵام كە ئێستا هیچ هەڵوێستێك ڕاناگەیەنین، لەبەر ئەوەیە چاوەڕوانی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەكەین بۆ دیاریكردنی بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە."
بڕیار بوو ئەمڕۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری بكات، بەڵام بە هۆی پێداگریی دەوڵەتی یاسا لە بەربژێركردنی (مالیكی)، نەتوانرا كەسێك لەناو ئەو هاوپەیمانەتییەدا دەستنیشان بكرێت.
کارزان هەورامی




