٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نەتەوە یەكگرتووەكان، ئیمارات و هەرێم كار بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان دەردەبڕێت و حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێداویستی سەرەتایی بۆ پەنابەران دابین دەكەن.

لە كۆبوونەوەیەكدا بە بەشداریی نوێنەرانی هەر یەك لە وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئیمارات و یونیسێف و یۆنامی و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و  ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی، باس لە دیاریكردنی پێداویستیی سەرەكی و چۆنییەتیی یارمەتیدانی ئاوارەكان كرا.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ هاوكاری مرۆیی (د. دیندار زێباری) لە سەرەتادا باسی لە نەهامەتییەكانی ئەم دواییەی ئاوارەكانی ناوچەی شنگال و زوممار كرد و دابینكردنی پێداویستییەكانیانی بۆ لایەنی نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری ئیمارات خستە ڕوو كە لە پلەی یەكەمدا پێویستیان بە خواردنی گەرم و ئاو و خێوەت هەیە.

نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لە بوونی 30 هەزار ئاوارەی بێ ماڵ و حاڵ لە قەزای خانەقین كرد و گوتی كە هەوڵی دروستكردنی دوو كەمپی نوێ لە پارێزگای هەولێر و دوو كەمپی دیكەیش لە پارێزگای سلێمانی دەدرێت و دروستكردنی هەر كەمپێك لەسەر زەویی تەخت پێویستی بە پێنج ملیۆن دۆلار هەیە.

ئەوەیشی گوت كە نزیكەی 11 هەزار ئاوارە لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان لە دەرەوەی كەمپ دەژین و لە دهۆك كەمپێكی گواستنەوە پێشوازی لە بیست و پێنج هەزار ئاوارە دەكات.

نوێنەری ئۆفیسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی OCHAلە لایەن خۆیەوە گوتی، "پێویستە بودجەیەك لە بەردەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان هەبێت كە تەنیا لە شنگال زیاتر لە 150 هەزار كەس ئاوارە بوون". هەروەها باسی لە یارمەتییە داراییەكانی سعودییە بۆ ئاوارەكانی عێراق بە گشتی كرد.

نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانییش ستاییشی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆكی كرد و داوای كرد یارمەتیی دارایی تەندروستی دهۆك بدرێت كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە روویان لەم پارێزگایە كردووە.

یاریدەدەری بریكاری وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەولًَەتیی ئیمارات (سولتان ئەلشامسی) وێڕای ستاییشكردنی رۆڵی حكوومەتی هەرێم، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان لە هەر شوێنێكی پێویست دەربڕی و رایگەیاند كە دەیانەوێت سەردانی مەیدانیی شوێنەكان بكەن بۆ زانینی ئاستی پێداویستیی ئاوارەكان.

هەواڵی پەیوەندیدار