مالیکی: هەر هەوڵێکی نادەستووری بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، دەرگای جەهەنەم بە ڕووی وڵاتدا دەکاتەوە

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق(نووری مالیکی) کە لەژێر گوشاری زۆری نێوخۆیی دەرەکیدایە بۆ دەستبەرداربوونی لە جارێکی دی بوونەوە بە سەرۆکوەزیران، ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی نادەستووری بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، دەرگای جەهەنەم بە ڕووی وڵاتدا دەکاتەوە.
لە گوتاری هەفتانەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ثێشکەشی کرد، (نووری مالیکی) زیاتر گوتی، "دەبێ لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەراندا كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت،" جەختیشی کردەوە کە بەرەوڕووی هەر دەستتێوەردانێکی دەرەکی دەبێتەوە لە پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.
دوێنێ سێشەممە، گەورەبەرپرسێکی ئێرانی بە مەرجی ناونەبردنی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە، ئێران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە (مالیکی) لە توانایدا نییە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات و تاران لەئێستادا بە دوای بریتی ئەودا دەگەڕێت.
سەرکەوت حەسەن




