٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دەوڵەتی یاسا دەترسێت كاندیدكردنەوەی (مالیكی) كاردانەوەی لێ بكەوێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لایەنەكانی عێراق داوا لە هاوپەیمانیی نیشتیمانی دەكەن (نووری مالیكی) بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كاندید نەكرێتەوە، سەركردەیەكی یەكێتییش دەڵێت، (مالیكی) توانای بەڕێوەبردنی عێراقی نییە.

سەرجەم لیستەكانی عێراق بە چەند ئەندامێكی دەوڵەتی یاسایشەوە، داوای دوورخستنەوەی (نووری مالیكی) دەكەن و دەڵێن كە نابێ سێبارە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق كاندید بكرێتەوە. لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا (ستار غانمی) ڕاگەیاند، ئەندامانی دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی نیشتیمانی كۆكن لەسەر ئەوەی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكەن كە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەنەكان بێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (سیروان ئەحمەد) بۆ KDP.infoگوتی، "(مالیكی) لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شكستی هێناوە، بۆیە دەبێت ڕێگە نەدرێت جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە بە هەڵبژاردنەوەی ئەو، عێراق دووبارە دەچێتەوە سەر هاوكێشەی پێشوو و دۆخەكە لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت كە هەیە".

گوتیشی، "ئێستا گوشارێكی سیاسیی زۆر لەسەر (مالیكی) هەیە و دەوڵەتی یاسایش لەوە دەترسێت كاندیدكردنەوەی (مالیكی) كاردانەوەی لێ بكەوێتەوە".

کارزان هەورامی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار