دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فڕۆكە كۆمەك و هاوكاری دەگەیەنێتە ئاوارەكانی چیای شنگال

هەولێر-kdp.info-بە مەبەستی بەهاناوەچوونی خێرای ئەو خێزانە ئاوارانەی روویان لە چیای شنگال كردووە و لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان دابڕاون و رووبەڕووی كارەساتی مرۆیی بوونەتەوە, دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فڕۆكەی بارهەڵگرەوە چوارەم كاروانی فریاگوزاریی كە لە خواردن و خواردنەوە و شیری منداڵ كە زیاتر لە 40 تۆن دەبوو، دەگەیەنێتە ئاوارەكان لە چیای شنگال.
بە هۆی هەڕەشەكانی گرووپە چەكدارەكانی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆری خێزانی دانیشتووی شنگال روویان لە چیای شنگال كردووە و چەند رۆژێكە كێشەی خۆراك و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانیان هەیە, بۆیە لە یەكەم رۆژی ئاوارەبوونیانەوە, تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستبەجێ دەستیان كرد بە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستیی سەرەتایی ژیان بۆیان.
سەبارەت بە چۆنیەتیی گەیاندن و كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكارییە جۆراوجۆرەكان بۆ ئاوارەكانی چیای شنگال, جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن گوتی، "دوای ئەوەی زانیاریمان پێ گەیشت دەستەی مافی مرۆڤ و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی فڕۆكەوە هاوكاری بۆ ئاوارەكانی چیای شنگال رەوانە دەكەن, دەستبەجێ پەیوەندیمان بەو بەڕێزانەوە كرد و ئامادەیی خۆمان نیشان دا بۆ هاوكاریكردنیان, دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك چۆن دەستی هاوكاریی گەیاندووەتە ئاوارەكانی كۆمەڵگەی شاریا و خانكێ و سحێلێ و شێخان و لالش، بە هەمان شێوەش هاوكاری بگەیەنێتە ئاوارەكانی چیای شنگال".
(مووسا ئەحمەد) ئاماژەیشی دا, بۆ بەهاناوەچوونی خێرای خێزانە ئاوارەكانی چیای شنگال لە رۆژانی رابردوودا كۆمەڵێك كەلوپەلی خۆراك و پێداویستییان بۆ ئاوارەكانی چیای شنگال دابین كردووە, ئەمڕۆیش دەیان جۆر خۆراك و پێداویستی و ئاوی خواردنەوەو نان و شەربەت و دایبی و معەلەبات و پیسكوێت و شیر و شووشەشیری منداڵان و دەیان پێداویستیی دیكەیان بۆ ئامادە كراوە و لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە فڕۆكەیەكی بارهەڵگری عێراقییەوە كۆمەك و هاوكارییەكان رەوانە دەكرێن.
گوتیشی، "سەرەڕای ئەوەی هیوا دەخوازین بە زووترین كات پەناخوازان بگەڕێنەوە شوێنی باب و باپیرانیان و ژیانی ئاساییان بۆ بگەڕێتەوە, وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی سەرجەم پەناخوازانی برایانی ئێزدی لە هەر كوێی كوردستان نیشتەجێ بن, تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان".

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
