ڕۆیتەرز: ئێران بە دوای بریتی مالیکییەوەیە

هەولێر-KDP.INFO- گەورەبەرپرسێکی ئێرانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئێران لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا لە دانوستاندایە بۆ دۆینەوەی بریتی (نووری مالیکی) بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران تا حکوومەتی نوێ پێک بهێنێت، بەڵام بەربژاری کەم هەن بۆ ئەو پۆستە گونجاو بن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز هاوکات بڵاوی کردووەتەوە، ئێران لە بڕیاری سیاسی لە عێراق بەشدارە، بە تایبەت پاش پاشەکشەی هێزەکانی ئەمەریکا لە 2011 و ڕادەستکردنی بەغدا بۆ دەستی حکوومەتی (مالیکی) کە هاوپەیمانی سەرەکیی تارانە.
بەرهەڵستکارانیشی (مالیکی) تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی شەقامی عێراقی و چەکدارانی سوننەیە کە بەم دواییە دەستیان بەسەر ناوچەگەلێكی فراوانی باکووری عێراقدا گرتووە، ئەوان دەڵێن دژایەتیی (مالیکی) بۆ سوننە، ئاگری گرژییە تایفییەکانی خۆش کرد و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، سەرنجی سوننە عێراقییەکان بە لای خۆیدا کێش بکات و پشتیوانی بکەن.
ئەو گەورەبەرپرسەی ئێران بە مەرجی ناونەبردنی قسەی بۆ ڕۆیتەرز کردووە و، دەڵێت، "گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە، (مالیکی) لە توانایدا نییە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات، بەڵام ئایەتوڵڵا (عەلی سیستانی) هێشتا وەها هیوایەکی ماوە."
ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی "بەڵام ئێستائایەتوڵڵا (سیستانی) لەگەڵ ئێمە هاوڕایە."
ئەو ڕوونی کردەوە کە، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لەگەڵ گرۆ سیاسییەکانو هەندێ لە بەربژارەکاندا لە دانوستانی بەردەوامدایە پێوەست بەم پرسە، بەڵام گوتی کە دۆزینەوەی بریتی (مالیکی)، کارێکی قورسە.
ئاماژەیشی دا، "بەربژاری زۆر نین کە لە توانایاندا بێت پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکەن."
سەرکەوت حەسەن




