٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

(بەشیر ئاتاڵای): گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان حكوومەت و (ئۆجەلان)ـدا هەیە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.INFO-  جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، وەڵامی پارێزەری (ئۆجەلان)ـی دایەوە و گوتی، حكوومەت پێویستی بە لێدوانی پارێزەرەكانی (ئۆجەلان) نییە، چونكە گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان حكوومەت و (ئۆجەلان)ـدا هەیە.

دوای ئەوەی دوێنێ پارێزەری (عەبدوڵا ئۆجەلان)-ی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، (مەزڵووم دینچ) بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ (ئۆجەلان) سەردانی ئیمراڵیی كرد و دوای گەڕانەوەی ئاماژەی دا كە (ئۆجەلان) گوتوویەتی، "پێویستە بەپەلە دەست بە گفتوگۆی یاسایی و شەفاف بكرێت و چی دیكە ئۆقرەم نەماوە"، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا (بەشیر ئاتاڵای) وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە.

(ئاتاڵای) گوتی، "ئێمە وەكو حكوومەت گفتوگۆ و پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ (ئۆجەلان)ـدا هەیە و ئەویش راستەوخۆ پەیام و قسەكانی بە حكوومەت رادەگەیەنێت، بۆیە پێویستی حكوومەت بەوە نییە كە گرنگی بە لێدوانی پارێزەرەكانی (ئۆجەلان) بدات".

(ئاتاڵای) هەروەها ئاماژەی دا كە ئەوەی بۆ حكوومەتی توركیا گرنگە، شەفافییەت و سەلامەتیی قۆناخی چارەسەری و پڕۆسەی دانوستانەكانە نەك پەلەكردن لە دانوستان.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار