هەڵوێستی لەندەن بەرانبەر بە غەززە، وایکرد وەزیرێکی موسڵمان دەستلەکار بکێشێتەوە

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا(سەعیدە وارسی)، کە ژنە موسڵمانێکە و بۆ یەکەم جارە لەو وڵاتەدا وەها پۆستێک بە دەست بێنێت، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە، چی دی ناتوانێ پشتیوانیی سیاسەتی حکوومەتەکەی بکات پێوەست بە ئەو دۆخەی ئێستای غەززە.
(سەعیدە) کە وەزیری کاروباری تاراوگەنشینان و باوەڕەکانە، لە پێگەی خۆی لە تویتەر، ڕایگەیاندووە، "بە داخی زۆرەوە ئەم بەیانییە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم بۆ سەرۆکوەزیران نووسی.. چونکە نەمتوانی پێوەست بە دۆخی غەززە، پشتیوانیی لە سیاسەتەکانی حکوومەت بکەم."
وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو ژنە وەزیرە موسڵمانە، کاریگەریی ئەو گوشارانەی بەسەر حکوومەتی بەریتانیاوەن لەوەی بەرانبەر بە ئیسڕائیل توندی نیشان نادا، زیاتر دەکات.
لای خۆیەوە گوتەبێژ بە ناوی سەرۆکوەزیران(کامیرۆن)-ەوە ڕایگەیاند "سەرۆکوەزیران بە داخە بۆ بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی(وارسی) و سوپاسی ئەو کارە باشانەیشی دەکات کە لە ماوەی کارکردنیدا ئەنجامی داون"، زیاتر گوتی "سیاسەتی ئێمە هەمیشە ڕوون بووە، ئەو دۆخەی غەززە چی دی وا ناچێتە سەر، داوایشمان هەردوو لا کردووە دەستبەجێ و بێ مەرج شەڕ ڕابگرن."
لەوەتەی شەڕی حەماس و ئیسڕائیل دەستی پێ کردووە، هەڵوێستی بەریتانیا وەژا بووە کە، ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات، هەر ئەوەیشە کە وەزیرە موسڵمانەکەی نیگەران و ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
(وارسی)-ی تەمەن 43 ساڵ و خاوەنی 5 منداڵ، سیاسیێکی بە ڕەچەڵەک پاکستانییە، لە مانگی سەپتەمبەری 2012 وەک وەزیری دەوڵەت و لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەستبەکار بووە و بەرپرسی کاروباری ڕەوەند و باوەڕەکان بووە.
پێشتر سەرۆکی پارتی پارێزگاران بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی پەرلەمانی بەریتانیایشە.
سەرکەوت حەسەن- ئاژانسەکان




