پەرلەمان چەند لیژنەیەكی پێك هێنا و سەردانی بەرەكانی شەڕ دەكەن

هەولێر-تایبەت بە kdp.info- پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا چەند لیژنەیەك پێك بهێنێت بۆ ئەوەی سەردانی بەرەكانی شەڕ بكەن و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەو ناوچانە بن. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بەشێكی ئەو لیژنانە ئەمڕۆ دەست بە سەردانەكانیان دەكەن.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی زەرد (نازم هەركی) بە kdp.info-ی راگەیاند، لیژنەكان لە سەرجەم لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان پێك هاتوون و بڕیارە ئەمڕۆ هەندێك لەو لیژنەیانە سەردانی بەرەكانی شەڕ بكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەو ناوچانە بن.
(هەركی) گوتیشی، بڕیارە سبەی لیژنەكانی دیكەیش سەردانەكانیان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بتوانن چارەیەكی پێویست بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە.
ڕوونیشی كردەوە، دوای سەردانەكەیان بۆ بەرەكانی شەڕ، لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بكات و بڕیاری پێویستی لەسەر بدات.
بڵند ئیبراهیم




