٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

25هەزار منداڵی ئێزدی پێویستیان بە کۆمەکە.. 40یان گیانیان لە دەست داوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ڕاپۆرتەکانی ڕیکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە دەدەن کە 40 منداڵی کوردی ئێزدی کە بە هۆی توندوتیژییەکان و ئاوارەبوون و بێدەرەتانییانەوە، گیانیان لە دەست داوە.

ئەم گیانلەدەستدانی منداڵانەیش بە هۆی ئەو هێرشانەوەیە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بۆ سەر ناوچەکانی زوممار و شنگال بەرپای کردوون، کە بە هۆیەوە هەزاران خێزان بێئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیاندا ببەن، ڕوویان لە شاخی شنگال و ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

یونسێف لە ڕاپۆرتەکانیدا دەڵێت، ئەو خێزانانەی کە ڕوویان لە شاخی شنگال کردووە، 25هەزار منداڵیان تێدایە، پێویستییان بە کۆمەکی بەپەلە هەیە، بە تایبەت ئاوی خواردنەوە.

ئێزدییەکان بە هۆی ئەو هێرشەی کە بە سەر ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە بەرپا کراوە، لەسەر ئەو باوەڕەن کە، بوونی ئەوان لەسەر ئەو خاکەی کە هەزاران ساڵە لەسەری دەژین لە مەترسیدایە.

شیاوی ئاماژەیە، بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو ناوچانەی کە کەوتوونە بەردەم هەڕەیشەی تیرۆریستانی داعشەوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە دوێنێوە هێرشی فراوانیان بەرپا کردووە و لە پێشڕەویی بەردەوامدان.

دوێنێ دووشەممەیش، سەرۆکی هەرمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە پێشوازیی (بابێ شێخێ ئێزدیان)-دا نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشان دا بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزدییەكان هاتووە. (سەرۆك بارزانی) هاوکات ڕاگەیاند "بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین."

 سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار