٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆككۆماری توركیا ماڵئاوایی كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-kdp.info-  سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گوول) دەستی بە ماڵئاوایی لە دامودەزگاكان و بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا كرد.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیا و كۆتایی هاتن بە ماوەی یاسایی سەرۆكایەتیی (عەبدوڵڵا گوول)، ناوبراو ئەمڕۆ دەستی بە ئەنجامدانی چەندین دیدار بۆ ماڵئاواییكردن لەگەڵ بەرپرسانی دامودەزگاكانی دەوڵەتدا كرد.

لەو چوارچێوەیەدا سەرۆككۆماری توركیا دوێنێ دووشەممە، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە و ماڵئاوایی لێ كردن.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە (عەبدوڵڵا گوول) سەرەتا سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی توركیای كردووە و دواتر لەگەڵ سەرۆكوەزیرانیش كۆ بووەتەوە و لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران (رەجەب تەییب ئەردۆغان)ـدا، باسیان لە داهاتووی ئاكەپە و ئەو كەسەی كە دەبێتە سەرۆكوەزیری نوێی توركیا كردووە.

چاوەڕوان دەكرێت رۆژانی داهاتوو (عەبدوڵڵا گوول) لەگەڵ هەر یەك لە (سەڵاحەددین دەمیرتاش)، (كەمال قڵێجدارئۆغڵو)، سوپاسالاری توركیا و سەرۆكی دادگای دەستووریی ئەو وڵاتەیشدا كۆ ببێتەوە و ماڵئاواییان لێ بكات.

رۆژی 10ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری توركیایە و بۆ جاری یەكەمە خەڵكی توركیا راستەوخۆ سەرۆككۆمار هەڵدەبژێرێت و كۆتایی ئەم مانگەیش وادەی یاسایی سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گوول) لەو پۆستەدا كۆتایی دێت.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار