بەردەڕەش.. حكوومەتی هەرێم هاوكاریی بەسەر هەزار خێزانی ئاوارەی مووسڵدا دابەش كرد

مووسڵ-KDP.info- پاش ڕووداوەكانی مانگی ڕابردووی عێراق و ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی، خەڵكێكی زۆر لە دەست چەكدارانی تیرۆرستی داعش لە مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق هەڵاتن و روویان لە شارۆچكەی بەردەڕەش كرد، ئەمڕۆیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆجبەرانی دهۆك چەند كەلوپەلێكی خواردن و پێداویستیی بەسەر ئاوارەكانی دانیشتووی شارۆچكەی بەڕدەڕەشدا دابەش كرد.
قایمقامی شارۆچكەی بەردەڕەش (شێخ سەردار شێخ یەحیا) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، پاش تێكچوونی ڕەوشی عێراق بە گشتی و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، خەڵكێكی زۆر لە برایانی نیشتەجێی شاری مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و بە شێكیش هاتنە بەردەڕەش، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك ئەمڕۆ چەندین كەلوپەلی خۆراك و هەروەها هەندێك كەلوپەلی ناوماڵی بەسەر ئاوارەكانی هەرسێ شارەدێیی كەڵەك و رۆڤیا و دارەتوو دابەش كرد كە ژمارەیان زیاتر لە 1000 ئاوارەیە.
(شێخ سەردار) گوتیشی، "ئەمە یەكەم وەجبەی هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو ئاوارانە، بەڵام دڵنیایان دەكەینەوە كە دوا هاوكاریمان نابێت و هاوكاریی دیكەیش بەڕێوەیە".
لەلایەكی دیكەوە، ئاوارەكانی شاری مووسڵ خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو جۆرە هاوكاریانەی كە پێیان دەبەخشن.
نەشوان بەرزنجی




