داعش، گۆڕانکاری لە خوێندنی زانکۆییدا دەکات.. کچ و کوڕانیش لێک جیا دەکاتەوە

هەولێر-KDP.INFO- داعش بڕیاری داوە، لە خوێندنی ساڵی 2014 بۆ 2015، قوتابیانی کچ و کوڕ لە زانکۆی مووسڵ لێک جودا بکاتەوە، هەروەها پڕۆگرامی خوێندن لە کۆلێژی یاسا و زانستە ئیسلامییەکان دەگۆڕێ، ناوی کۆلێژی هونەرە جوانەکانیش دەکات بە خۆشنووسی و نەخشاندن، ئەمە جیا لەوەی نیازیان وایە ناوەکەی لە زانکۆی مووسڵەوە بۆ زانکۆی "دەوڵەتی ئیسلامی لە نەینەوا" بگۆڕن.
سەرچاوەگەلێک کە لە ترسی کوشتنی خۆیان و خێزانەکانیان نەیانوێراوە ناوەکانیان ڕابگەیەنن، ئەم زانیارییانەیان داوە و دەشڵێن، ڕێکخراوی داعش داوایان لە دستەکانی خوێندن و قوتابیان کردووە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە و لە تەواوی کۆلێژەکانی زانکۆی مووسڵ، بچنەوە دەوام و بەمشێوەیەیش دەبێ دەوام بکەن: "دەوامی قوتابییە کچەکان لە سەعات 9-ی بەیانی تا 2-ی دوانیوەڕۆ، دەوامی قوتابییە کوڕەکانیش، لە سەعات 2-ی دوانیوەڕۆوە تا 6-ی ئێوارە دەبێ.
سەرچاوەکان هاوکات دەڵێن، کۆلێژی پزیشکیی مووسڵ بە شێوەی کۆلێژی پزیشکیی مووسڵ بۆ کچان و کۆلێژی پزیشکیی مووسڵ بۆ کوڕان نوێ دەکرێنەوە.
سەرچاوەکان بۆ "ئەلعەرەبییەنێت" زیاتر ڕوونیان کردووەتەوە، "ئەم زانیارییانەمان لە ڕاگری کۆلێژەکانەوە بیستووە پاش ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی داعشدا کۆ بوونەتەوە." ئەوان دەڵێن پرسیار ئەوەیە کە، "ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق ڕێ بەمە دەدات، بەو شێوەیە دەوام بکەین؟ چونکە پێویست دەکات وەزارەت بێتە دەنگ و بەر بەم بڕیارانەی داعش بگرێت."
ئەوان هۆشداریشیان داوە لەوەی کە، ئەگەر فریای ئەم دۆخەی زانکۆی مووسڵ نەکەون، ئەوا هەمان بڕیار بەرەوڕووی زانکۆکانی تکریت و ئەنباریش دەبنەوە.
سەرکەوت حەسەن




