کوتلەی مواتن: تا سێشەممە، کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا دەکرێتەوە

بەغدا-KDP.INFO- ئەندامێکی کوتلەی مواتن گوتی، ھاوپەیمانیی نیشتیمانی، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان کە وا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو کۆ ببێتەوە، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا دەکەنەوە.
ئەندامی کوتلەی مواتن لە پەرلەمانی عێراق (حەبیب تەرەفی) بە سۆمەرییە نیوزی راگەیاندوە، بڕیارە ھاوپەیمانیی نیشتیمانی، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە وا بڕیارە سێشەممەی داھاتوو کۆ ببێتەوە، کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلا بکاتەوە.
(حەبیب تەرەفی) زیاتر گوتی، ژمارەیەک کاندید ھەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام هێشتا بۆ دیاریکردنی کاندیدێک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆ لەنێوان کوتلەکانی نێو ھاوپەیمانیی نیشتیمانیدا بۆ یەکلاکردنەوەی بەردەوامە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ناکۆکیی نێوان کوتلەکانی نێو ھاوپەیمانیی نیشتیمانی لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بەردەوامە و لیستی دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی (نووری مالیکی) و ھەر یەکە لە کوتلەی ئەحرار و مواتنیش رەتی دەکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




