فڕۆكە جەنگییەكان بۆردوومانی مووسڵیان كرد.. چەند داعشێك كوژران و بڕیندار بوون

مووسڵ-تایبەت بە Kdp.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق بۆردوومانی گەڕەكەكانی شاری مووسڵیان كرد و لە ئاكامدا چەندان هاووڵاتی و چەكداری داعش كوژران و بڕیندار بوون.
ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مووسڵ (غەیاس سوورچی) بە Kdp.info-ی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بۆردوومانی چەندین گەڕەكیان لە سەنتەری شاری مووسڵ و شار و شارۆچكەكانی سەر بە و پارێزگایە كرد، لەوانە گەڕەكی سوكەر و سۆمەر و خەزرەج و هەروەها حەمام عەلیل و سەلامییە و لە ناحیەی زوماریش دوو شوێنیان بۆردوومان كردووە، لەوانە سایلۆیەكی وەرگرتنی گەنم و گوندی قادسییە، كە توانییان چەندین مۆڵگەی چەكدارانی داعش تێك بشكێنن.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مووسڵ، لە گەڕەكەكانی ناوشاری مووسڵ هەرچەند ئاماری كوژراو و بریندارەكان لە بەردەستدا نییە لەبەر شاردنەوەیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، بەڵام چەند هاووڵاتییەك بریندار بوون و چەندین خانوویش زیانیان پێ گەیشتووە، هەروەها لە گوندی قادسییەی سەر بە ناحیەی زومماریش هەشت چەكداری داعش كوژراون و یەكێكیش لە كوژراوەكان بە ڕەگەز عەرەبە.
نەشوان بەرزنجی




