دەوڵەتی یاسا لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران نەرمی دەنوێنێت

بەغدا-KDP.INFO- لیستی دەوڵەتی یاسا نەرمی دەنوێنێت و داوا دەکات ھاوپەیمانیی نیشتیمانی ھەمان میکانیزمی لیستە کوردییەکان بە کار بینێت بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران.
سەرکردە لە لیستی دەوڵەتی یاسا (محەممەد سەیھود) بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە: "کاندیدی لیستی دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی)-یە و ئەگەر ھاوپەیمانیی نیشتیمانیش کاندیدێکی ھەبێت، ئاساییە و دەوڵەتی یاسا لاری نییە.
(محەممەد سەیھود) گوتیشی: لیستە کوردییەکان دوو کاندیدیان ھەبوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و لەنێوان ئەندامەکانیاندا یەکێکیان دیاری کرد بۆ ئەو پۆستە."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "لیستی ھاوپەیمانییش دەتوانی لەگەڵ (مالیکی) کەسێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات و دەنگدان لەنێوان لیستەکانی نێوھاوپەیمانیی نیشتیمانی بکرێت و کامەیان دەنگی زیاتری بە دەست ھێنا ببێتە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
ئەمەش لەکاتێکدایە زۆرینەی لیستە سیاسییەکان بە ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەیشەوە ڕازی نین (نووری مالیکی) جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە و لیستی دەوڵەتی یاسایش سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی.
بڵند ئیبراھیم




