کۆمپانیاگەلێکی دی، ئاسمانەڕێی عێراق بە کار ناهێنن

هەولێر-KDP.INFO- گەورەکۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەربارەی بەکاربردنی ئاسمانەڕیی عێراق و بەر لە سازدانی کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی پێوەست بەو پرسە، ڕای جیاوازیان هەیە.
کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان، لەوەتەی فڕۆکە مالیزییەکە بەسەر ئاسمانی ئۆکڕایناوە کراوەتە ئامانج، لە هەوڵی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستن بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی فڕۆکەوانییان.
هەندێ لە گەورەکۆمپانیاکانیش بە هۆی شەڕی ئیسرائیل-حەماسەوە، گەشتەکانیان ڕاگرتوون. دوێنێیش کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیمارات داوای کرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، کۆبوونەوەی فراوان بۆ گەورەکۆمپانیان ساز بدرێت.
هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەیر فڕانس کیە ئێڵ ئێم و ڤێرجین ئەتڵانتیکی بەریتانیایی و ئەیر بەرلینی ئەڵمانیایی و کۆمپانیای ئێڵ ئۆ تیی پۆڵەندایی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند، بە هۆی باری ئەنییەوە، فڕۆکەکانیان بەسەر ئاسمانی عێراقدا نافڕن، ئەمەیش پاش ڕۆژێک لە هەڵپەساردنی گەشتەکانی کۆمپانیای ئیماراتی دێت بە ئاسمانەڕێی عێراقدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای لۆفتهانزای ئەڵمنیایی بڕیاری دا کە فڕۆکەکانیان تەنیا بەسەر ناوچەگەلێکی دیاریکراودا لە عێراق نەفڕن، بەڵام پابەندی ئەو ئاڕاستەیەیە کە بەردەوم لە گەشتەکانیاندا بە کاری دەبەن.
مێدیاکانی ئوستڕالیایش بڵاویان کردووەتەوە کە، کۆمپانیای ئیتیحاد کە بارەگاکەی لە ئەبوزەبییە، دەڵێت، هێشتا گەشتەکانیان بۆ عێراق و بەکاربردنی ئاسمانەڕێکەی بەردەوامن و کۆمپانیای قەنتاسیش ەب هەمان شێوە گەشتەکانی بەردەوامن.
ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، بەڵگە بەردەست نین، هیچ یەک لە لایەنەکانی ململانێ لە عێراق توانای ئەوەیان هەبێت ئەو فڕۆکانە بکەنە ئامانج کە ئاسمانەڕێی عێراق بە کار دەبەن.
زیاتر گوتی، سرووشتی دۆخی ئەمنیی ئێستای عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو لە هیی ئۆکڕاینا جیاوازترە.
سەرکەوت حەسەن




