بۆردوومانی غاباتی مووسڵ، زیاتر لە 100 چەكداری داعشی کوشتووە

مووسڵ-KDP.INFO- باخچەی شاری مووسڵ ناسراو بە (غابات مووسڵ) لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراقەوە بۆردوومان كرا و زیاتر لە 100 كوژراو و برینداری داعشی لێ كەوتەوە كە نیازیان وا بووە، هێرش بکەنە سەر بەنداوی مووسڵ و خاوەن ئارایشگایەكی ئافرەتیش لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ڕفێندرا.
ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مووسڵ(غیاس سورچی) بەKdp.info ی ڕاگەیاند: بەپێی زانیاریی ورد، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراقی باخچەی مووسڵیان بۆردوومان کرد كە چەكدارانی داعش تێیدا كۆ ببوونەوە و خەریكی خۆئامادەكردن بوون بۆ هێرشكردنە سەر بەنداوی مووسڵ، لە ئەنجامدا بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە 100 چەكداری تیرۆرستی داعش و بڕینداربوونی چەندانی دیكەش، چەندین گەورەبەرپرسی پیلانەكانی داعشیش لەنێو کوژراواندا بوون.
(سورچی) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ، چەكدارانی تیرۆرستی داعش، لە گەڕەكی شیفای شاری مووسڵ، خاوەن ئارایشگایەكی ئافرەتانیان ڕفاند کە نازانرێت هۆیەكەی چییە، بەرەو شوێنێكی نادیار بردوویانە."
(غەیاس سورچی) ئاماژەیشی دا "لە كاتی گرتنی شاری مووسڵ تاكو ئیستا چەندین خاوەن ئارایشگای ئافرەتان كە ئافرەتن، ڕفێةدراون و پاش شەلاقکردنی زۆر بەڵێننامەیان پێ ئیمزا دەكەن و پاشان ئازاد دەكرێن."
نەشوان بەرزنجی




