گەورەترینی نێو پەرلەمان، کێشەی ناوەتەوە

هەولێر-KDP.INFO- پاش مشتومڕ لە نێوان هاوپەیمانیی نیشتیمانی و دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی کوردستانی دەڵێت، بەپێی لێکدانەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵ ساڵی 2010، هاوپەیمانیی نیشتیمانی گەورەترین لیستی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئاماژەیشی دا کە ئەو بڕیارە هێشتا بڕ دەکا و پێویست بە هیچ لێکدانەوەی دیکە ناکات، بێجگە لەمەیش هەر هەوڵدانێکی دی پێچەوانەی دەستتورە.
سەرکردە لە هاوپەیامنیی کوردستانی(موحسین سەعدوون)، ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی نیشتیمانی لە یەکەم دانیشتنی خوولی نوێی پەرلەماندا ڕیگەیاند کە لە ڕووی ژمارەوە گەورەترین لیستی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانە و دادگای فیدراڵیش لە ساڵی 2010-دا پاش لێکدانەوەکانی هەمان بڕیاری دا.
(سەعدوون) گوتیشی، بڕیاری دادگا پێویستی بە لێکدانەوەی زیاتر نییە و هەر هەوڵێکی دی لەم ڕووەوە، پێچەوانەی دەستوورە.
سەرچاوەیەکی سیاسی بە مەداپرێسی ڕاگەیاندووە، دەوڵەتی یاسای (مالیکی)، بە شێوەی "هیستریا"-یی گوشارەکانی خستووەتە سەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق(سەلیم جبووری)، تا ئەوان وەک گەورەترین لیستی نێو پەرلەمان بناسێنێ و دەمەقڵێیش لە نێوان سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکی پەرلەماندا ڕووی داوە.
سەرچاوەکە گوتی، "ڕەوتار و ڕەوشتی لیستی دەوڵەتی یاسا گەیشتووەتە بنبەست"، زیاتر گوتی "تەوافوقی نێوان لیستەکان بۆ گۆڕانکاریی سیاسی زۆر پتەوە، کە پشتیوانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشیان هەیە. باوەڕ وایە کە گۆڕانکاری دەرگا بە ڕووی چاکسازیی سیاسیدا دەکاتەوە، کە تەنیا ڕێگای ڕوونیشە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی گرفتی ئەمنی کە هەڕەشە لە وڵات دەکات، هاوکات دڵنیایی یەکپارچەیی عێراقە."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕەوتی چاکسازیی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی(ئیبراهیم جەعفەری)، داوای لە دەوڵەتی یاسا کرد کە فەرمی هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە لەوەی کە هێشتا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا ماوەتەوە، چونکە گومانبردن لە گەورەترین لیست، ئامانج لێی کاندیدکردنی (نووری مالیکی)-یە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی نیشتیمانی پێویستی بەوە نییە بە نووسراو ڕایبگەیەنێت کە گەورەترین لیستە.
سەرکەوت حەسەن




