مووسڵ.. داعش 20 قوتابی و مامۆستایەكی ڕفاندن.. خواردنی نەخۆشخانەكانیشیان بڕی

مووسڵ-KDP.INFO- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، چكدارانی داعش لە یەكێك لە گەڕەكەكانی ناو شاری مووسڵ، 20 قوتابیی گەنج كە وانەی ئایینییان دەخوێند، لەگەڵ ماموستاكەیان ڕفاندوون و بەشە خۆراکی نەخۆشخانەكانیشیان بڕیوە داویانە بە چەكدارانی خۆیان.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بەkdp.info -ی ڕاگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 20 قوتابی گەنج لە مزگەوتی رەوزەی موحەممەد (د.خ) لە گەڕەكی موسەننا لە باكووری شاری مووسڵ لەگەڵ مامۆستاكەیان كە وانەی ئایینییان دەخوێند، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بەرەو شوێنێكی نادیار رفێندران."
(مەموزینی) گوتیشی: "داعش چێشتلێنەرانی نەخۆشخانەكانی شاری مووسڵیان ئاگادار كردووەتەوە كە خواردن بە نەخۆشی ناو نەخۆشخانە نەدەن، بەڵكو بە چەكدارانی ئەوان بدەن"، زیاتر گوتی، "رۆژانە خواردنی زیاتر لە 3000 هەزار نەخۆش ئامادە دەکرا و بەپێی ئەم بڕیارەیش بۆ چەکدارانی داعش دەبرێت."
نەشوان بەرزنجی




