جبووری بۆ مالیکی: باری کەوتووی وڵات ڕاست دەکەینەوە.. پەرلەمان کار لەسەر یاساگەلێک دەکات

بەغدا-KDP.INFO- سەرۆکی پەرلەمان بەڵێنی دا، یاساگەلێک دەربکات کە باری دەوڵتیان پێ ڕاست بکاتەوە، بە تایبەت یاسای هاوسەنگکردنی داراییی ئەمساڵ و، جەختیشی کردەوە، پەرلەمان بۆ هەستانەوەی وڵات هاوکاریی حکوومەت دەکات. هاوکات سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر(نووری مالیکی) دیداری لەگەڵ (جبووری) بە ئەرێنی ناو برد، گوتیشی، هەردوو لایان ڕێککەوتوون تا بۆ دەرکردنی یاساگەلێک لیژنەیەکی هاوبەش پێک بهێنن.
ئەمڕۆ شەممە، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەدا کە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیارنی کاربەڕێکەری حکوومەتی بەغدا، لە پەرلەمان ساز درا، (سەلیم جبووری) ڕایگەیاند، "لە قۆناخی دابێت، پەرلەمان یاساگەلێک دەردەکات تا لە ڕێیانەوە باری دەوڵەت ڕاست بکاتەوە و بە ئاقاری دروستیدا ببات، پەرلەمان هاوکات جەخت لەسەر هاوسەنگکردنی بودجە و یاسای نەوت و غاز و یاساگەلێکی دی دەکاتەوە و کاریان لەسەر دەکات."
(جبووری) زیاتر گوتی، "کۆمەککردن بە هاوکاریی کۆی دەستەڵاتەکانی دەوڵەت، لەپێناو هەستاندنەوەی دەوڵەت و گەیاندنی ڕۆڵبینینی ڕاستینەی خۆی و دابینکردنی ئاساییش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان، بەردەوام دەبێ"، ئاماژەیشی دا "کۆبوونەوە لەگەڵ (مالیکی)، دەربارەی کارەکانی داهاتوو و دۆخی ئاوارەکان و چۆنیەتیی چارەکردنی کێشە ئەمنییەکان بوو، بە تایبەت ئەوەی کە دووچاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بووەتەوە."
لای خۆیەوە(نووری مالیکی) گوتی، چوونی بۆ پەرلەمان بۆ پیرۆزبایی بووە لە (سەلیم جبووری) کە توانیویەتی متمانەی گەل بباتەوە، ئاماژەیشی دا، بۆ ڕاییکردنی کاروباری دەوڵەت، هەماهەنگیی تەواوی نێوان هەردوو دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار گرینگ و پێویستە."
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر زیاتر گوتی "چونکە دەوڵەت بە دەست یاساگەلێکەوە دەناڵێنێ لە نموونەی یاسای نەوت و غاز و بودجە و حیزبەکان و یاسا تایبەتەکانی بواری ئەمنی، لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەماندا خستووماننەتە بەر باس."
ئەو گوتیشی، زۆرترین کۆمەک بە ئاوارەکان و لە هەر کوێ بووبن کراوە، هاوکات قەرەبوویش کراونەتەوە.
سەرکەوت حەسەن




