لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا، 800 کەس کوژراون و زیاتر لە 5 هەزاریش بریندارن

هەولێر-KDP.INFO- یوئێن سەرکۆنەی ئەو بۆردوومانە دەکات کە کراوەتە سەر قوتابخانەیەک لە غەززە و بە هۆیەوە 16کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتووەتەوە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل لە ڕێی ئاسمانی و زەوینییەوە دژ بە کەرتی غەززە بەردەوامە کە لەوەتەی شەڕ دەستی پێ کردووە، 800کەس کوژراون و زیاتر لە پێنجهەزاریش بریندار بوون.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان(بان کی موون)، دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، پاش ئەو هێرشەی سەر قوتابخانەی "ئونرو" لە بێت حانوون، پێویستە دەستبەجێی شەڕ بوەستێنرێت.
مێدیای ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە کە، بە هۆی ڕمانی تونێڵێک، فەرماندەی لیوای غولانی بە سەختی بریندار بووە، هاوکات لەگەڵ ئەوم ڕووداوەدا، هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی سەر کەرتی غەززە کە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرپا بووە، درێژەی هەیە و بە هۆیەوە 802کەس کوژراون و زیاتر لە پێنجهەزار کەس بریدار بوون، ئەمە بەپێی ئەو ئامارەی کە وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند.
هەر بەپێی مێدیای ئەو وڵاتە، ڕەنگە ئەمڕۆ هەینی، حکوومەتی ئیسرائیل پێشنیازی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا(جۆن کیری) کە پێوەستە بە ئاگربەستی مرۆیی تاوتوو بکات و بۆ چەند ڕۆژێک کردە و هێرشە سەربازییەکان بووەستێنێت.
لە هەمان کاتدا، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی(سامی ئەبو زەهری) گوتوویەتی، حەماس بەوە ڕازی بووە کە بۆ ماوەی سێ سەعات شەڕ هێور ببێتەوە تا ئۆتۆمێلی فریاکەوتن بتوانن کوژراو و برینداران بۆ نەخۆشخانە دەگوێزنەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەمەی ڕەت کردووەتەوە.
سەرکەوت حەسەن




