ڕەنگە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق درێژە بكێشن

هەولێر-KDP.info-لایەنە عێراقییەكان پێشبینی دەكەن بە هۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكانەوە پرۆسەی گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت درێژە بكێشێت. لەسەر ئەو باوەڕەیشن كە بەشێك لە گرفتەكان پەیوەندییان بە داواكاریی لایەنەكانەوە هەیە و هۆكارێكی دیكەیش ئەو دۆخەیە كە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە.
بڕیار بوو هەردوو پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق و پێكهاتەی وەزارەت لە ماوەیەكی كەمدا لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا یەكلا بكرێنەوە، بەڵام پێشبینی ناكرێت گفتوگۆی نێوان لایەنەكان دەرئەنجامێكی پۆزەتیڤی هەبێت. ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (مەولوود باوەموراد) بۆ KDP.infoگوتی، "سرووشتی پێكهاتەی عێراق وایە كە گفتوگۆكان ماوەیەكی زۆریان بوێت تا دەگەنە دەرئەنجام، چونكە ئێستا ئەو دۆخە تازەیەی هاتووەتە ئاراوە بووەتە دیفاكتۆ و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەمەیش وادەكات گفتوگۆی نێوان لیستەكان درێژە بكێشێت و خاڵە جیاوازەكانیان زۆرتر بێت لە هاوبەشەكان، هەر ئەوەیشە وای كردووە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان دوا بكەوێت".
لە ئێستادا گفتوگۆی نێوان شاندی دانوستانكاری هەولێر و لایەنەكان بە شێوەیەكی كاتی وەستاوە و سەرجەم لایەنەكان جەخت لە جیاوازیی بیروبۆچوونەكان دەكەنەوە كە نەتوانراوە بگەنە دەرئەنجامێك. ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حەمید پاڤی) بۆ KDP.infoدەڵێت، "یەكێك لە هۆكاری ڕاوەستانی گفتوگۆكان لە نێوان لایەنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەت، داواكاریی لایەنەكانە لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی مافەكانیان لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا، لە هەمان كاتدا ئەمە كاردانەوەی لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەبێت و بۆ كاتێكی نادیار دوا دەكەوێت".
هاوكات ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان (تاریق جەوهەر سارمەمی) بۆ KDP.infoئاماژەی دا، "هۆكاری دواكەوتنی گفتوگۆی لایەنەكانی عێراق، ئەو ڕووداوانەن كە لە وڵاتدا ڕوویان داوە و جۆری داواكاریی لایەنەكانی عێراقیش هۆكارێكی دیكەیە، بۆیە ئەگەر گفتوگۆ لە نێوان لایەنەكانی عێراقدا دەست پێ بكرێتەوە، ئەو كاتە هەموو لایەنەكان دەتوانن لە پەرلەمانی عێراق و لە دەرەوەی پەرلەمانیش لەسەر داهاتووی عێراق ڕێك بكەون، لە كاتێكدا بەشێك لە لیستە عێراقییەكان ئێستا بەو دۆخەی عێراق ڕازی نابن و دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا بكرێت كە لە دوای ڕووداوەكانی مووسڵەوە هاتووەتە ئاراوە".
پێشتر ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەولێر و بەغدا (عادل نووری) بۆ KDP.infoڕایگەیاندبوو، ئێستا كارەكانی شاندەكە ڕاوەستاوە و داوایشی لە سەرۆكی هەرێم كرد لەسەر چەند خاَلێك كۆیان بكاتەوە.
کارزان هەورامی




