٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

قەشەكانی مووسڵ: هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  قەشەكانی مووسڵ لە شاری هەولێر كۆ بوونەوە و تێیدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیان لە پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئاوارە مەسیحییەكان بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ قەشەكانی مووسڵ بە سەرپەرشتیی (قەشە ساكۆ) لە عەنكاوە كۆ بوونەوە و دواتر بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و دەڵێن، "ئێمە نیگەرانین لەوەی كە لە مووسڵ بەرامبەر بە مەسیحییەكان دەكرێت و تاوانێكە بە هۆی جیاوازیی ئایینەوە لە بەرامبەریان دەكرێت و هەروەها تاوانێكە دژی مرۆڤایەتییش، بۆیە ناكرێت بێدەنگی هەبێت بەرامبەر بەو تاوانە، بە تایبەتی هەڕەشەی كوشتن و تاڵانكردنی ماڵ و سامان و سوتاندنی كەنیسەكانیان لێ دەكرێت ئەگەر شاری مووسڵ جێ نەهێڵن، ئایە ئەمە كارەساتێكی مرۆڤایەتی نییە؟".

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "ئێمە داوای هەنگاوی كرداری لە حكوومەتی بەغدا دەكەین، نەك تەنیا بە بەیاننامە ئیدانەی ئەو كارە بكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك دڵنیا بكەنەوە".

ئاماژە بەوەیش دراوە، "ئێمە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر مەسیحییەكان بەرز دەنرخێنین لە بەرامبەر ئەو پێشوازیكردنە لە خێزانە مەسیحییەكان و هاوكاریكردنیان، پێشنیازیش دەكەین لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێم و نوێنەری مەسیحییەكان دورست بكرێت، بۆ ئەوەی چاودێریی ئاوارە مەسیحییەكان بكرێت و زیاتر هاوكارییان بكرێت".

لای خۆیەوە (قەشە ساكۆ) قەشەی عەنكاوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە دوای هەڕەشەی ئەم دواییەی داعش لە مەسیحییەكان تا ئێستا نزیكەی هەزار خێزان ئاوارە بوونە و هیچ شتێكیان لەگەڵ خۆیان نەهێناوە تەنیا خۆیان و ئەو جلەی لەبەریان بووە".

(قەشە ساكۆ) ڕوونیشی كردەوە، لەناو مووسڵ زیاتر لە 30 كەنیسە هەیە و داعش دەستی بەسەردا گرتوون.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار