دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانای خێزانە مەسیحییەكانی حەمدانییە و بەرتلەوە دەچێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی بەهاناوەچوونی خێزانە پەنابەرە مەسیحییەكانی شاری مووسڵ كە لە شارۆچكەی حەمدانییە و ناحیەی بەرتلە نیشتەجێ كراون, لە هەڵمەتێكدا كۆمەك و یارمەتییەكانی گەیاندە 700 خێزانی ئاوارەی ئەو دوو دەڤەرە.
بە هۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و كۆچی بەزۆری خێزانە مەسیحییەكانی پارێزگای مووسڵ و دەوروبەری و كۆچكردنیان بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان, لە ئێستادا زیاتر لە 26 هەزار خانەوادەی مەسیحیی مووسڵ و دەوروبەری بە هۆی هەڕەشەكانی گرووپی چەكداری داعشەوە روویان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
رۆژی 22/7/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێكدا بە سەرپەرشتیی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا) و جێگری سەرۆكی دەزگا (مووسا ئەحمەد) بە یاوەریی تیمێكی بەرفراوان گەیشتنە شارۆچكەی حەمدانییە و لەو شارە بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی IDSی ئەمەریكی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستی و كارتۆنێك خۆراكیان بەسەر 350 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد. هاوكات بۆ ئاوارەكانی ناحیەی بەرتلەیش تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتنە ناحیەكە و دەست كرا بە دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاریی و كارتۆنێك خۆراك بەسەر 350 خێزانی مەسیحیی پارێزگای مووسڵ و دەوروبەری.
لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: دوای ئەوەی لە دەزگاكانی راگەیاندن هەواڵی ئاوارەبوونی بە زۆری خێزانە مەسیحییەكانی پارێزگای موسڵمان بیست, ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش كۆكردنەوەی زانیارییەكان, وەكو ئەركێكی مرۆیی ئەمڕۆ كۆمەك و هاوكارییمان گەیاندە دەست برا مەسیحییەكانی حەمدانییە و بەرتلە و ئەمەش دوایین هاوكاریی ئێمە نابێت بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە و پێشتریش كۆمەك و هاوكاریمان بەسەردا دابەش كردووە.
هەروەها (مووسا ئەحمەد) داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و كۆمەكبەخشەكانیش كرد بەدەنگ پەنابەرانی مووسڵ و ناوچە جیاجیاكانی دیكەی عێراقەوە بچن و كۆمەك و یارمەتییان بدەن, چونكە ئێستاكە لە بار و گوزەرانێكی خراپدا دەژین.
شایانی باسە, لەساڵی 2010 بەهەمان شێوە مەسیحییەكانی عێراق رووبەڕووی هەڕەشەكانی تیرۆر بوونەوە و بەهۆیەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت و روویان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرد و هەر ئەو كات تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی دەڤەرەكانی (شێخان, ئەلقوش و تلكێف)ـیان كرد و دەستبەجێ هاوكاری و پێداویستیی رۆژانەیان بەسەر 283 خێزاندا دابەش كرد.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
